خوێندراوەتەوە: (1.2K)

ئەمیر عومەر

لەهەنگاوێكی مێژوویی و تا ڕادەیەك شۆكهێنەر، وڵاتی ئەلبانیا بۆ دەربازبوونی لە پیسخۆری و گەندەڵی و گیرفانی قوڵ و قاسەی پڕ و مێشكی بەتاڵ، یەكەم وەزیری زیرەكی دەستكردی بە جلوبەرگی فۆلكلۆرییەوە لەكابینەكەی ئیدی راما ڕاگەیاند و كۆتایی بەو پرسیار و مشتومڕانەش هێنا كە كێ دەتوانێت ببێت بە بەرپرس؟، ئایا بەزانینە یان بەناسین؟، ئایا چەند پاسەوان و نوسینگەوان و سكرتێرە دەبنە پەروانەی دەوری باڵای و . . هتد؟.

جیاوازییەكان هێندە زۆرن كە لەژماردن نایەن. بە كورتی و كوردیەكەی خۆمان ئەو خانمە وەزیرە ژیرە دەستكردە ئەلبانیەی ناونراوە “دییلا” لەبری بەرتیل كۆدی پاكی دەوێت، ناخوات و ناخەوێت بۆ كەیف و سەفاش گەشتی وڵاتانی دەرەوەی نیە، بۆ مەسەلەی نەفسی هەوا و ماڵی دونیا هەتا دڵ بیەوێت وەزیرێكی بێ غەل و غەشە. ئێستا “دییلا” وەك یەكەم وەزیری زیرەكیی دەستكردی ئەلبانیا و جیهانیش، لە كابینەكەی ئیدی رامای سەرۆك وەزیرانی ئەلبانیا لە ئامادەباشیدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەترین ئاڵنگاری و كێشەی ئەو وڵاتەی كە چەندین ساڵە نەتەوە یەكگرتووەكان بە ڕاپۆرتەكانی عەیب و عارەكانی هەڵدەماڵێت. دەڵێن ئەم وەزیرە غەزەبێكی عەجایەبە بۆ گەندەڵی و سەرەتای چیرۆكێكی گەورەترە، مرۆڤایەتیش دەخاتە چاوەروانیەوە تا بزانێت زانست چی تری لەباردایە و هاكا لە هەگبەیدا هاتە دەر؟.
باشە ئەگەر تا دوێنێ وابیرمان كردبێتەوە چیرۆك و بابەتی فیلمە خەیاڵییەكان كارێكی نەكردەیە، خۆ دەبێت ئەمڕۆ ئەو بیرە پڕ بكەینەوە لە گومان و لاشمان ئاسایی بێت بە ڕۆژگارێك بگەین تێیدا رۆبۆت و زیرەكی دەستكرد هەموو شتێك قووتبدات و كاری مرۆڤ و دەوڵەتمەداران وەك بابەتێكی كلاسیكی و كۆنەپەرستانە لەڕابردوو جێبهێڵین؟.
ئەی ئەوە نیە دییلا بەرپرسیاری تەواوی سیستەمی كڕینی لەحكومەتی ئەلبانیا، لە كڕینی قەڵەمێكەوە بۆ كارمەندان تا دروستكردنی پرۆژە گەورەكان لەئەستۆدایە. وەك باس دەكرێت هێندە بە وردی بابەتەكان هەڵدەسەنگێنێت و پشكنین بۆ بەڵگەنامە و دەرخستەكان دەكات شەیتانیش چاوی زەق دەبێت، بە یەك سێرچیش نەك بە لیژنە و لیژنەكاری، حەیای بچووكترین گەندەڵی دەبات.

دییلای بێ هەست و سۆز، بەبێ حزبێنە و خزمێنە ڕۆبۆتێكی بەزانست گۆشكراوە، هیچ هاوڕێیەكی نییە كە بتوانێت كاریگەری لەسەر ڕەوتی كارەكانی درووستبكات، هیچ خێزانێكیشی نیە تا بیانخاتە نازونیعمەتەوە، خوڵاسەی كەلام “خدرێكی زینە”یە و بە پیرمانەوە هاتووە، بە جۆرێكی تر دەتوانین بڵێین بۆ بەرەنگاربونەوەی كێشەكان كە مرۆڤ دروستی كردوون، پەنا بۆ شتێك براوە كە مرۆڤ نییە.

من بۆ خۆم گەشبینم، بەڵام قەیدی چییە ئەگەر بپرسم باشە ئەگەر ئەم تاقیكردنەوەیە سەركەوتووبێت، وڵاتانی دیكەش هەمان ڕێگا هەڵدەبژێرن؟، خۆ پرسیارێكی نالۆژیكیی نابێت ئەگەر بڵێم تۆ بڵێی رۆژێك بێت لەبری دەنگدان و سیڤی خڕكردنەوە بۆ كاندیدان، ڕاپرسی لەسەر جۆری زیرەكی دەستكرد و رۆبۆتەكان بكرێت تا بەشداربن لە بەڕێوەبردنی حوكمڕانی؟. دەبێت چاوەڕوان بین و تا بزانین چۆن تەكنەلۆژیا دەتوانێت چارەسەری ئەو كێشانە بكات كە مرۆڤایەتی نەیتوانیوە یان نایەوێت چارەسەریان بكات؟. ئەرێ هەر بەڕاست ئەگەر ئامێرەكان بتوانن كارەكان لە ئێمە باشتر ئەنجام بدەن، ڕۆڵی ئێمەی مرۆڤ چی دەبێت، خۆ ماڵمان بەقوڕ ناگیرێ؟. ئەم هەویرە ئاوكێشە و هەرچۆنێك لێكدانەوەی بۆ بكەین دەمانخاتە سەر ئەو ڕایەی ئەلبانیا یەكەم هەنگاوی مێژووی بۆ خۆی نووسییەوە و بە وەزیرێكی زیرەكیی دەستكرد جیهانی بەشۆكی خستە چاوەڕوانیەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 74 Today: 2,040 📊 Click Here