سەروەر عارف ڕەسوڵ
لۆژیکی سیاسی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا زۆر سادەیە: کاتێک حکومەتێک شکست دەهێنێت لە دابینکردنی خزمەتگوزاری، پاراستنی خاک، و دابینکردنی مووچە، لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدان یان فشاری شەقامەوە دەڕووخێت و دەسەڵات جێدەهێڵێت. بەڵام لە هەرێمی کوردستان، ئێمە ڕووبەڕووی مۆدێلێکی سەیر بووینەتەوە کە دەکرێت ناوی بنێین “مانەوە لەسەر تەرمی شکستەکان”. پارتی و یەکێتی زیاتر لە ٣٠ ساڵە حوکمی ئەم هەرێمە دەکەن؛ لەم ماوەیەدا تووشی شەڕی ناوخۆ بوون، پەرلەمانیان داخستووە، قەیرانی مووچەیان بۆ چەندین ساڵ دروست کردووە، و لە ڕیفراندۆمەکەی ٢٠١٧دا نیوەی خاکی کوردستان و بیرە نەوتەکانی کەرکووکیان لەدەست دا. کەچی سەرەڕای ئەم زنجیرە کارەساتبارە لە شکست، هێشتا هەر ئەوان حوکم دەکەن و تەنانەت پۆستەکانیش بۆ منداڵەکانیان دەگوازنەوە! ئایا نهێنیی ئەم مانەوەیە چییە؟
نهێنیی مانەوەی ئەم حکومەتە فاشیلە لەوەدایە کە سەرچاوەی شەرعیەتی خۆی لە “دەنگدەر و خزمەتگوزاری”یەوە وەرناگرێت، بەڵکو لە “هێزی چەکدار و قۆرخکردنی سەرچاوەی دارایی”یەوە وەریدەگرێت. لە هەرێمی کوردستاندا، حکومەت گەورەترین خاوەنکارە (خاوەنی زیاتر لە ملیۆنێک و نیو مووچەخۆرە)، حیزبەکان ئەمە نەک وەک ئەرک، بەڵکو وەک “کڕینی وەلائی سیاسی و دروستکردنی تۆڕی پاترۆناژ بەکاردەهێنن. واتە، هاووڵاتی لەبری ئەوەی مووچە وەک مافی خۆی ببینێت، وا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە دەبێت سوپاسگوزاری حیزب بێت بۆی. کاتێکیش قەیران دروست دەبێت، حیزب هێزە ئەمنییەکانی بەکاردەهێنێت بۆ سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی ناڕازی و تۆقاندنی کۆمەڵگە، کە ئەمەش وا دەکات خەڵک لەبری شۆڕشکردن، پەنا بۆ کۆچکردن یان بێدەنگی ببات.
هۆکارێکی تری مانەوەیان بریتییە لە لاوازی و پەرتەوازەییی ئۆپۆزسیۆن و پرۆسەی درێژخایەنی “ئیفلیجکردنی دامەزراوەکان”. کاتێک پارتی و یەکێتی لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ ناهێنن یان ڕووبەڕووی قەیرانی شەرعیەت دەبنەوە، زۆر بە سادەیی پەرلەمان پەکدەخەن یان پێکهێنانی کابینەی نوێ بۆ ساڵێک زیاتر دوادەخەن، تا وڵات بە حکومەتی “کاربەڕێکەر” بەڕێوە ببرێت. ئەوان فێری ئەوە بوون کە چۆن قەیرانەکان هەناردەی دەرەوە بکەن؛ هەمیشە خەتای شکستەکانیان دەخەنە ئەستۆی بەغدا، تورکیا، یان تەنانەت یەکتر، بەڵام هەرگیز دان بە شکستی مۆدێلی حوکمڕانییەکەیاندا نانێن کە لەسەر بنەمای کلیپتۆکراسی و دزینی سامانی گشتی دروست بووە. بەم شێوەیە، ئەوان “ناڕەزایەتییەکان” دەسڕنەوە، نەک “هۆکاری ناڕەزایەتییەکان”.
