خوێندراوەتەوە: (10.0K)

پێشڕەو مەحمود

ئایا لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ نەخۆشییەک لەوە کوشندەتر هەیە کە دەسەڵاتێک دروست ببێت و کەس نەتوانێت بڵێت “بۆچی”؟ سەیری ئەم فەنتەڵۆسانەی ئەمڕۆی سیاسەت بکەن؛ چ لە بەغدا، چ لە هەرێمی کوردستان، و تەنانەت لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانیشدا، ئەوەی دەبینرێت تەنها دەسەڵاتێکی ڕووت و بێ بەرپرسیارێتییە. ئایا ئەمەیە ئەو دیموکراسییەی کە دەیان ساڵە گوێمان لێی کەڕ بووە؟ سیستمێک کە تێیدا منداڵە لوسکەکان و خاڵۆژن و پورەکانی دەسەڵاتداران دەتوانن بودجەی وڵاتێک تاڵان بکەن، مووچەی هەزاران فەرمانبەر ببڕن، نەخۆشخانە گشتییەکان بکەنە بازاڕی فرۆشتنی مەرگ، و لە کۆتاییدا کەسیش نەتوانێت بیانباتە بەردەم دادگایەک؟ بەڵێ، دەسەڵاتێک کە لێپرسینەوەی لەسەر نەبێت، دەبێتە دڕندەیەک کە تەنها گەندەڵی و ستەم و سەرکوتکردن بەرهەم دەهێنێت.

کێشەی ئەمڕۆی ئێمە ئەوە نییە کە دەسەڵاتداران زۆر بەهێزن، نەخێر! کێشەکە ئەوەیە کە ئەوان سەرکردەی ترسنۆک و لاوازن و لە بەرپرسیارێتی ڕادەکەن. وەک چۆن لە مێژوودا دکتاتۆرەکان هەمیشە هەوڵیان داوە دادگاکان و پەرلەمانەکان بکەنە پاشکۆی خۆیان، ئەمڕۆش دەسەڵاتدارانی ئێمە هەمان یاری دەکەن؛ دادگایان کردووەتە بارەگای حیزب و پەرلەمانیشیان کردووەتە دیوەخانی پەسەندکردنی تاوانەکانیان. کاتێک دادوەرێک ناتوانێت فەرمانی گرتن بۆ دزێکی گەورە دەربکات، کاتێک پەرلەمانتارێک لە جیاتی لێپرسینەوە دەبێتە پارێزەری گەندەڵکاران، ئیتر کێ دەمێنێتەوە دەسەڵات بخاتە ژێر پرسیارەوە؟ ئەرستۆ دەڵێت: ئەو کاتەی یاسا دەبێتە پاشکۆی ئارەزووی دەسەڵاتداران، دەوڵەت دەگۆڕێت بۆ چەتەگەرییەکی ڕێکخراو.” ئەمڕۆش، بەهۆی نەبوونی لێپرسینەوەوە، ئێمە لە دەوڵەتدا ناژین، بەڵکو لە ژێر دەستی چەتەگەرییەکی ڕێکخراودا دەژین کە تەنانەت شەرم لە درۆکانی خۆیشیان ناکەن!

ئەم بێدەنگییە و نەبوونی لێپرسینەوەیە، وەک شێرپەنجەیەک وایە کە وردە وردە جەستەی کۆمەڵگا دەخوات. کاتێک هاوڵاتی دەبینێت بەرپرسێک بە ڕۆژی ڕووناک وڵات دەفرۆشێت و سزا نادرێت، ئەویش متمانەی بە هەموو شتێک نامێنێت و لە پرۆسەی سیاسی دەکشێتەوە. ئەوانەی لەسەر کورسییەکان دانیشتوون، زۆر باش دەزانن کە ئەگەر لێپرسینەوەیەکی ڕاستەقینە هەبێت، جێگایان زیندانە نەک کۆشکەکان، بۆیە بە هەموو هێزیانەوە شەڕ دەکەن بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی چاودێری و ڕاگەیاندنی ئازاد لەناو ببەن. ئەوان دەیانەوێت ئێمە تەنها تەماشاچی بین لە بەردەم شانۆی تاڵانکردنی نیشتماندا.

بۆیە هاوار بکەن! ئەی ئەو کەسانەی هێشتا باوەڕتان بە کەرامەت و مافی خۆتان ماوە، هاوار بکەن بە ڕووی ئەم سیستمە بێ بەرپرسیارێتییەدا! هاوار بکەن و ئەو مێزە بەسەر ئەو بەرپرسە فەنتەڵۆسانەدا وەرگێڕن کە وایانزانیوە وڵات تاپۆی ڕەشی باپیرییانە. بێدەنگی چیتر ئۆپشن نییە، چونکە دیموکراسی و ئازادی کاتێک دەمرن کە خەڵک واز لە پرسیارکردن بهێنێت. کاتی ئەوە هاتووە کە دادگای گەل لەسەر شەقامەکان دروست بێت و ئەو دەسەڵاتە ببڕێتەوە کە نە گوێ دەگرێت و نە باوەڕی بە سزادان هەیە!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 35 Today: 2,930 📊 Click Here