خوێندراوەتەوە: (1)

ڕاستی کەمال – چالاکوان 

کاتی خۆی چەمکی ڕزگاری لای تاکی کورد، مانای بەدەستهێنانی سەربەستی و ژیانێکی سەربەرزانە بوو، بەڵام کاتێک سیاسەت لە هەرێمی کوردستان بووە ئامرازێک بۆ قۆرخکاری و دروستکردنی پاشکۆیەتی، چەمکی ئازادیش بە تەواوی ئاڕاستەکەی گۆڕا. حیزبایەتی لەم ناوچەیەدا لە جیاتی ئەوەی ببێتە ڕێگەیەک بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان، بووەتە قەفەسێک بۆ خنکاندنی دەنگە ئازادەکان و بێدەنگکردنی ویژدانی زیندوی کۆمەڵگە.

دەسەڵاتدارێتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ زیاتر لە سێ دەیە، بە کرداری سیستەمێکی ئەوتۆیان لە هەرێمی کوردستان دامەزراندووە کە تێیدا هەموو جومگەکانی ژیان، لە بژێوی و کار و گەشەی کەسییەوە، بە توندی بە ڕەزامەندی و ئینتیمای حیزبییەوە بەستراونەتەوە. نیشتمان لە چەمکێکی گشتی و ئامێزگرەوە بۆ هەمووان، گۆڕدراوە بۆ مایەی دەستکەوتی شەخسی و بنەماڵەیی؛ خەڵکی کوردستان لە هاووڵاتیی خاوەن مافەوە کراونەتە بینەرێکی بێدەنگ لە بەرامبەر دابەشکردنی سەروەت و سامانی وڵاتدا.

تاوانە گەورەکەی یەکێتی و پارتی تەنها لە تاڵانکردنی سامانی گشتی و پەکخستنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمدا نییە، بەڵکو لە شێواندنی دەروون و بیرکردنەوەی تاکدایە. کاتێک هاووڵاتیی کورد ناچار دەکرێت لە نێوان نانی ڕۆژانەی و پاراستنی کەرامەتیدا یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەمە خەتەرترین جۆری داپڵۆساندنە. بێدەنگیی گشتی لە بەرامبەر نەبوونی دادپەروەری و پێشێلکردنی بەردەوامی مافە سەرەتاییەکان، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ سڕبوونی بەها کۆمەڵایەتی و ئینسانییەکان لەم هەرێمەدا.

ڕزگاربوونی ڕاستەقینەی کوردستان کاتێک دەست پێدەکات کە تاک لەو باوڕە بگات یەکێتی و پارتی نیشتمان نین، و بژێویی ژیانیشیان خێرپێکردنی هیچ لایەنێک نییە. تا ئەو کاتەی هوشیاریی جەماوەری نەبێتە بەربەست لە بەرامبەر ئەم قۆرخکارییە بەردەوامەدا، ئازادی تەنها دروشمێکی بێناوەڕۆک و داهاتووی هەرێمی کوردستان تەنها دووبارەبوونەوەی هەمان قەیرانەکان دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 44 Today: 2,242 📊 Click Here