خوێندراوەتەوە: (3.4K)

سەرکۆ احمد

لە کلتوری حوکمڕانی و ئیداریی سێ دەیەی ڕابردووی هەرێمی کوردستاندا، هیچ هونەرێک بە ئەندازەی هونەری ڕاهاتن لە خۆدزینەوە لە بەرپرسایەتی و هەڵدانە و کاتکوژیدا بەرز نەکراوەتەوە، تا ئەو ئاستەی قەوارەکە بووەتە جۆرە ڕاستییەکی کۆمیدی کە تێیدا هەر کێشەیەکی چارەنووسساز و حیاتی وەک تۆپێکی داغکراو لە نێوان دەستەکاندا دەستبەدەست دەکرێت بێ ئەوەی کەسێک ئامادە بێت بڕیارێکی وەرچەرخێنەر بدات؛ کاتێک مووچەی مامۆستا و فەرمانبەران دوا دەکەوێت یان دەبڕدرێت، هەولێر پەنجەی تۆمەت بۆ بەغدا درێژ دەکات، بەغدا ڕوو لە لیژنە تەکنیکییەکان دەکات، لیژنەکان خەتای ناکۆکیی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەگرن، و حزبەکانیش پەنا دەبەنە بەر کۆبوونەوە بێئەنجامەکانی پەرلەمان و شاندە هەمیشەیییەکانی دانوستاندن،

تا ڕێک لە کۆتاییدا هاووڵاتیی ئاسایی تەنیا قوربانیی ئەم یارییە بێکۆتایییەی بێبەرپرسایەتییە بێت. ئەم نەخۆشییە پێکهاتەیییە وایکردووە هیچی جدی وەک بڕیارێکی دامەزراوەیی سەربەخۆ نەیەتە ئاراوە؛ لە چاکسازیی ژێرخانی کارەبا و ئاوەوە تا ڕێکخستنەوەی شەفافییەتی داهاتی خاڵە سنوورییەکان، هەموو کێشەیەک لە ناو وەزارەتەکانەوە دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی وەزیران، لەوێوە بۆ مەکتەبی سیاسیی حیزبەکان، و لەوێشەوە بۆ ڕێککەوتنە نەبینراوەکانی بنباڵ بەبێ ئەوەی یەک کەس یان یەک دامەزراوە بڵێت “ئەمە بەرپرسایەتیی منە و من جێبەجێی دەکەم”. واقیعی سەیر و تەنزئامێزەکە لێرەدا ئەوەیە کە دەستەبژێری فەرمانڕەوا لە کاتی دابەشکردنی ئیمتیازات، باج، و دەستکەوتە مادییەکاندا خۆیان بە خاوەنی ڕەهای سەرجەم خێروبێری وڵاتەکە دەزانن،

بەڵام هاوکات کە کاتی لێپرسینەوە، دابینکردنی خزمەتگوزاریی بنەڕەتی، یان چارەسەرکردنی ڕەگەی کێشە ئابوورییەکان دێت، ڕاستەوخۆ دەبنە “دەسەڵاتێکی بێدەسەڵات” و بێپەڕپەڕکراو کە گوایا هەموو کێشەکان لە دەرەوەی ئیرادەی ئەواندا دروست بوون! ئەم پەڕپەڕبوونە حوکمڕانییەی دروست کراوە، فلجکردنێکی ئەنقەستکراوی چەمکی دەوڵەتدارییە چونکە نیشانی دەدات کە چۆن دەزگاکان لە بری ئەوەی ببنە ئامرازی چارەسەرکردن، بوونەتە قەڵغانی پاراستنی دەسەڵاتداران لە ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک؛ لە ئەنجامدا، کوردستان بووەتە مەملەکەتێکی وەستاو لەسەر قاچی ڕووداوەکان کە تێیدا هیچ کەسێک بڕیار نادات چونکە بڕیاردان تێچووی سیاسی هەیە، و ئەنجامەکەشی بێهیوایییەکی قووڵی کۆمەڵایەتییە لە بەرامبەر سیستەمێکدا کە هەموو شتێک بە کێشەی کەسێکی تر دەزانێت و هیچ کەسێکیش بەرپرسایەتیی ئایندەکەی ناگرێتە ئەستۆ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 202 Today: 1,371 📊 Click Here