خوێندراوەتەوە: (1)

محمد احمد قادر

ئەوەی ئەمڕۆ لە کەرکوک ڕوودەدات، تەنها گەڕانەوە نییە بۆ خاڵی سفر، بەڵکو دانپێدانانێکی شەرمەزارکەرە بەو ڕاستییەی کە لای سەرکردایەتیی کورد، “نیشتمان” تەنها ئەو پارچە زەوییەیە کە دەتوانرێت بکرێتە پارە یان پۆستی پێ بکڕدرێت! لە مێژووی هاوچەرخی سیاسەتی کوردیدا، کەرکوک هەمیشە وەک قەڵغانێک بەکار هێنراوە بۆ داپۆشینی شکستە ناوخۆییەکانی پارتی و یەکێتی، و هەرکاتێکیش پێویست بووبێت، وەک کاڵایەکی هەرزان لە بازاڕی سیاسەتی بەغدادا هەڕاج کراوە. چاودێران و شەقامی کوردی بە ڕوونی دەبینن کە ئەو دیبەیت و ڕێککەوتنانەی ئێستا لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکرێن، ڕێک هەمان ئەو عەقڵیەتە تاڵانچییەیە کە لە ساڵی ٢٠١٧دا شارەکەی خستە ژێر چنگی سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە.

لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکردایەتیی کورد بڕیاریدا ڕیفراندۆمێک بەسەر کەرکوکدا بسەپێنێت، نەک لەبەر ئەوەی پلانیان بۆ پاراستنی شارەکە هەبوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی پارتی و یەکێتی پێویستیان بە قەیرانێکی نەتەوەیی بوو بۆ شاردنەوەی شکستی ئابووری، نەبوونی مووچە، و پەکخستنی پەرلەمان. کاتێکیش قەیرانەکە تەقییەوە و هێزەکانی عێراق هێرشیان هێنا، یەکەمین شت کە ئەم دوو کارتێلە سیاسییە کردیان، ڕاکردن و بەجێهێشتنی خەڵکی کەرکوک بوو، پاشانیش یەکتریان بە “خیانەتکار” ناوبرد. ئەولەوییەتی ئەوان پاراستنی خاکی جێناکۆک نەبوو، بەڵکو پاراستنی نەوتی هەرێم و ئەو دەسەڵاتە خێزانییە بوو کە لە هەولێر و سلێمانی دروستیان کردبوو. ئەمڕۆش لە ساڵانی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٦، ڕێک هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە؛ یەکێتی ئامادەیە پۆستی پارێزگاری کەرکوک ڕادەستی پێکهاتەکانی تر بکات بە مەرجێک کورسیی سەرۆک کۆماری عێراقی پێ بدرێت ، و پارتیش بایکۆتی ئەنجومەنی پارێزگا دەکات، نەک لەپێناو بەرژەوەندیی کورد، بەڵکو لەبەر ئەوەی پشکی خۆی لەو مامەڵەیەدا بەدڵ نییە.


ئەم پێشهاتانە سەلمێنەری ئەوەن کە بۆ ئەم دوو حزبە، پرسی کەرکوک و ماددەی ١٤٠ لە مێژە مردووە و تەنها لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا وەک دروشمێکی بێگیان زیندوو دەکرێتەوە. ئەولەوییەتی ڕاستەقینەی ئەم مافیایانە، گەرەنتییکردنی ئەو بەشە بودجەیەیە کە مانگانە لە بەغداوە دێت، تا بتوانن لە ڕێگەیەوە کۆمپانیا حزبییەکانیان قەڵەو بکەن و سیستەمی دیوەخانی پێ بەڕێوەببەن. ئەوان کەرکوکیان کردووەتە “چەکی قومار”؛ لە ٢٠١٧دا قوماریان پێوە کرد بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان ، و لە ٢٠٢٦یشدا قوماری پێوە دەکەن بۆ کڕینەوەی پۆستە پرۆتۆکۆلییەکانی بەغدا. لە هەردوو حاڵەتەکەشدا، ئەوەی باجە قورسەکەی داوە تەنها خەڵکی ڕەسەنی شارەکە بوون کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی تەعریب، پەراوێزخستن، و لەدەستدانی کەرامەتی نەتەوەیی دەبنەوە.

ساڵانێکە خوێنی ڕۆڵەکانتان دەکرێتە قوربانیی پۆست و گیرفانی ئەم بازرگانە سیاسییانە؛ ئیتر کاتی ئەوەیە ئەم خەوە قووڵە بشکێنن! قبوڵکردنی ئەم مامەڵە قێزەونانە، واتە ڕازیبوون بەوەی کە نیشتمان ببێتە موڵکی تایبەتیی دوو بنەماڵە کە هەرکاتێک بیانەوێت بیفرۆشن. هاوار بکەن بە ڕووی ئەم پڵنگە کاغەزییانەدا کە لەسەر شاشەکان فرمێسکی تیمساح بۆ کەرکوک دەڕێژن، بەڵام لە ژوورە تاریکەکانی بەغدادا واژۆ لەسەر تەسلیمکردنی دەکەن. ئەم سیستەمە فێڵبازە لە بنەڕەتدا هیچ ئینتیمایەکی بۆ نیشتمان نییە و تەنها چاوەڕێی پاڵنانی ئێوەیە بۆ ئەوەی یەکجارەکی بکەوێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 69 Today: 2,683 📊 Click Here