خوێندراوەتەوە: (3.2K)

ئەریڤان بهاءالدین لطیف

لە هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیەکی نیشتمانییەوە گۆڕاوە بۆ گەورەترین بارمتە لە دەستی لووتبەرزی و غرووری سیاسیی دوو حزبی دەسەڵاتداردا . ئەگەر جاران خەڵک پێی وابوو کە ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر جیاوازیی بەرنامەی ئابووری، شێوازی بەڕێوەبردن، یان دابینکردنی خزمەتگوزارییە باشترەکانە، ئەوا ئەمڕۆ بە تەواوی بۆ شەقام ڕوون بووەتەوە کە کێشەکە هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەت و خزمەتەوە نییە، بەڵکو تەنیا شەڕێکی قێزەونی “شکاندنی یەکتری”یە بۆ ئەوەی بزانرێت کام لایەن لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان بەهێزتر دەردەکەوێت . ئەوانەی کە سەردەمانێک بەڵێنی “کوردستانێکی بەهێز” و “ئابوورییەکی سەربەخۆ”یان دەدا و دەیانویست هەرێم بکەنە دوبەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا هێندە نوقمی گرێی دەروونی و خۆبەزلزانیی سیاسی بوون، کە ئامادەن تەواوی وڵاتەکە بسووتێنن و دایبخەن تەنیا بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە یەک هەنگاو بۆ دواوە نانێن و قسەی خۆیان دەسەپێنن .

لەم زۆرانبازییە بێمانایەدا، ئەوەی باجی قورسی ئەم ئینکاری و لووتبەرزییە سیاسییە دەدات، نە سەرکردەکانن و نە مەکتەب سیاسییەکان کە لەناو کۆشکە فێنکەکانیاندا دانیشتوون، بەڵکو ئەو هاوڵاتییە بێدەسەڵاتەیە کە وەک قوربانییەکی بێدەنگ لە نێوان بەرداشی غرووری ئەم دوو هێزەدا هاڕڕاوە . کاتێک دوو سەرکردە یان دوو حزب لەسەر ئەوە شەڕ دەکەن کە کامیان دەتوانێت مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت و کامیان براوە دەبێت، لە هەمان کاتدا باوکێکی ماندوو لە شەرمەزاریی نەبوونی مووچە و کرێی خانوودا ناتوانێت سەیری چاوی منداڵەکانی بکات، و گەنجێکی بێکار لە بێهیواییدا ڕێگەی مەرگ و قاچاخچێتی هەڵدەبژێرێت . دەسەڵاتداران ئامادەن پەرلەمان دابخەن، حکومەت سڕ بکەن، و ژیانی سەدان هەزار فەرمانبەر بۆ چەندین مانگ ئیفلیج بکەن، تەنیا لەبەر ئەوەی وا دەرنەکەون کە بەرامبەر بە ڕکابەرەکەیان سازشیان کردووە یان لاواز بوون . ئەمە ئەوپەڕی گاڵتەجاڕییە کە چارەنووسی ملیۆنان مرۆڤ و ژێرخانی وڵاتێک کراوەتە قوربانیی “ئیگۆ” و لووتبەرزیی چەند کەسێک کە پێیان وایە نیشتمان موڵکی تایبەتیی باپیرییانە و خەڵکیش تەنیا کرێچییەکی بێ مافە .

ئەم دوو حزبە کوردستان و دامەزراوەکانیان کردووەتە بارمتە، بەڵام لەبری داواکردنی پارە، داوای خۆبەدەستەوەدان و چەپڵەلێدانی کوێرانە دەکەن بۆ ئەوەی غروورە سیاسییەکەیان تێر بکەن . لەبری ئەوەی وڵات ببێتە نموونەیەک بۆ ئاوەدانی و پێشکەوتن، بووەتە مەیدانێک کە تێیدا شکستەکان وەک دەستکەوت دەفرۆشرێنەوە؛ بەڵێنی کارەبای بیست و چوار کاتژمێری بوو بە وەهمێکی گەورە و مۆەلیدەکان گەڕانەوە، و خەونی دەوڵەتداریش بچووک بووەوە بۆ شەڕە پەڕۆی حزبی لەسەر پۆستی وەزارەتێک یان بەڕێوەبەرێکی گشتی . تا ئەو کاتەی ئەم عەقڵیەتە زاڵ بێت و سەرکردەکان خۆیان لە نیشتمان گەورەتر ببینن، هاوڵاتیی کورد دەبێت بەردەوام باجی ئەو شەڕە بدات کە تێیدا نوخبەی سیاسی دەیانەوێت پاڵەوان بن، تەنانەت ئەگەر ئەو پاڵەوانێتییە لەسەر وێرانەی ماڵ و ژیانی خەڵکیش بنیات بنرێت .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 58 Today: 1,920 📊 Click Here