هەستیار بورهان محمد
لە هەرێمی کوردستاندا، هیچ کاتێک بە ناوی «ئێستا» بوونی نییە؛ تەواوی حوکمڕانیی مەسرور بارزانی و هاوبەشە حزبییەکانی لەسەر بەکارهێنانی کرداری «دەکات، دەبێت، دەکرێت» دامەزراوە. ساڵانێکە لە ڕاگەیاندنە بریقەدارەکان و گوتارە فەرمییەکاندا بە گوێی هاوڵاتییانی بێدەرەتاندا دەچڕن: «حکومەت پێکدەهێنرێت»، «پەرلەمان کارا دەکرێتەوە»، «چاکسازییەکان دەستپێدەکەن»، و «چارەسەرە ڕیشەیییەکان دەگەن». بەڵام کاتێک تەماشای واقیعی ڕۆژانەی خەڵک دەکەیت، تەنها داڕمانی زیاتر، بەرزبوونەوەی باج، ناڕوونی لە مووچە و نەمانی کەرامەتی هاوڵاتییان لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکاندا دەبینیت. دەسەڵاتداران بە ئەنقەست وەڵامی هەموو پێویستییە فەورییەکانی ئەمڕۆ دەپەڕێنن بۆ «داهاتوویەکی نادیار»، تا هاوڵاتییان لەناو سڕبوونی دەروونی و چاوەڕوانیی بێبڕانەوەدا بهێڵنەوە و تەمەنی تاڵانکارییە بێپسانەوەکەی خۆیان درێژتر بڕسێنن.
ئەم بەکارهێنانە بێشەرمانەی «بەڵێنی داهاتوو»، تەنها ڕاوکردنی کات و هەڵخەڵەتاندنی شەقامە. کاتێک ڕژێمێک ناتوانێت لە کاتی ئێستادا نان، کارەبا، بەنزین و مووچەی هاوڵاتییانی دابین بکات، بەڵام بێوچان بەڵێنی فیردەوسی داهاتوویان پێدەدات، ڕوون دەبێتەوە کە چەمکی حوکمڕانی لای ئەوان کورتکراوەتەوە بۆ دروستکردنی وەهم. کاتێک بەڵێنی چاکسازی دەبێتە هۆی هەژارکردنی زیاتری خەڵک و بەڵێنی سەروەریی یاساش دەبێتە ئیفلیجکردنی دامەزراوە شەرعییەکان، ئیدی داهاتوو خۆی دەبێتە گەورەترین زیندان بۆ ڕووح و ئازادیی کۆمەڵگە. ئەمە ستراتیژێکە بۆ سڕکردنی ئیرادەی هاوڵاتییان، تا لە جیاتی داواکردنی مافەکانیان لە «ئێستا»دا، هەمیشە بینەری سەرابێک بن کە هیچ کاتێک نایەتە دی.
کۆتایی ئەم تاڵییە بێبڕانەوەیە، حەقیقەتێکی زۆر بەئازار و تاڵمان بەڕوودا تەقێنێتەوە کە هیچ نووسراو و لێدوانێک ناتوانێت پەردەپۆشی بکات: لە سیاسەتی بێئەخلاقانەی کوردستاندا، بەڵێنی «بەەیانی» تەنها وشەیەک نییە بۆ بەکارهێنان، بەڵکو بووەتە درێژترین ڕۆژ لە تەواوی مێژوودا کە هیچ کاتێک بە بەیانییەکەی تر نایاتەوە.
