خوێندراوەتەوە: (1.3K)

مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند” لەم دۆخەی ئێستادا پێمان باشە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ هەر لای پارتی بمێنێتەوە، لە كۆبوونەوە نافەرمییەکەی هەفتەی ڕابردووی شاندی پارتی و یەكێتی بڕیاریاندابوو كە چەند ڕۆژێك بوار بەیەك بدەن و هەندێك كار هەیە بیكەن ئینجا كۆببنەوە”.

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگەیاند” شاندی پارتی بە سەرۆكایەتیی هۆشیار زێباری بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم بەردەوامە لە كارەكانی خۆی، دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراقیش لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە شاندی پێكهێنانی حكومەتی عێراقیشمان دەستبەكار دەبێت”.

” ئێمە هەوڵمان داوە کورد یەکدەنگ بێت و بە یەک تیم بچێتە بەغدا، بەڵام وادیارە بابەتەكە هێشتا پێویستیی بە گفتوگۆی زیاترەو پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئێمە هەر ڕامانگەیاندووە كە پێمان باشە بابەتی هەرێمی كوردستان و عێراق تێكەڵ نەكرێن و هەریەكێكیان بەشێوازێك چارەسەر بكرێن، بەڵام تاوەكوو ئێستا نەكراوە”( وتەبێژی پارتی وتی).

مەحموود محەممەد، ئاشکراشی کرد کە پێشووتریش بە بەرپرسانی یەكێتیمان ڕاگەیاندووە كە لەوانەیە لە دابەشكردنی پۆستەكانی کابینەی دەیەم ژمارەی كورسی و ئەنجامی هەڵبژاردن لەبەرچاو نەگیرابێت، بەڵام پێویستە ئەوان و ئێمەیش دۆخی یەكتر لەبەرچاو بگرین.

هاوکات سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند” بۆ ئەوەی پێگەی کورد بەهێز بێت، پێویستە لەگەڵ پارتی بە یەکدەنگی و لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکدا بچنە بەغداد، تاوەکو لەوێ نەکەونە دژایەتیکردنی یەکدی.”

لەبارەی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی پارتی و یەکێتی کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، سەعدی پیرە وتی” تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی بۆ چوونە بەغدا.”

سەعدی پیرە، دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بە ” گەشبینانە” وەسف کرد و ڕاشیگەیاند” لەپاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش ئەنجام دەدەن.”

ئەمە لە کاتێکدایە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت و تا ئێستا کابینەی نوێی حکومتی هەرێم پێکنەهاتووە و بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی کوردستان، پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەکانیان دەستپێدەکەنەوە، لە ڕابردوو لەسەر زۆربەی وردەکارییەکانی کابینەکە ڕێککەوتوون، تەنیا دابەشکردنی پۆستەکان ماوە لەسەری ڕێکبکەون.

هەڵبژاردن

پارتی

یەکێتی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 10 Today: 23 📊 Click Here