بەڕێوبەری ئاو و ئاوڕۆی کەرکوک دەڵێت ” ئەو شوێنەی لافاوەکەی تێدا دروستبووە، ڕێڕەوی چەمە و گەڕەکێکی زیادەڕۆیە، بۆیە ئێستا و داهاتووش مەترسیی دروستبوونی لافاوی هەیە”.
پێنج شەممە، ١١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە چەند گەڕەکێکی شاری کەرکوک لافاو دروستبوو، وە لە گەڕەکی شۆراو ژنێک بە هۆی ئەوەی ئاو چوە ماڵەکەیانەوە و شۆرتی کارەبا دروستبوو گیانی لە دەستدا، زاگرۆس گلی، بەڕێوبەری ئاو و ئاوەڕۆی کەرکوک، ئاماژە بەوە دەکات کە بە هۆی گەڕەکی زیادەڕۆوە لافاو دروستبوە و بە میدیاکانی ڕاگەیاند ” بەهۆی ئەوەی ئەو بۆریانەی بۆ ئاوەڕۆی گەڕەکەکە دانراون قەبارەیان بچووکە و توانای گواستنەوەی لافاویان نییە، لەکاتی لافاوەکەدا ئاو نزیکەی دوو مەتر بەرزبووەتەوە”.
لە ڕۆژی ٧ ئەم مانگەوە شەپۆلێکی باران بارین کوردستان و ناوچەکەی گرتوەتەوە و بە پێی ئامارە فەرمیەکان پێنج کەس تا ئێستا بە هۆی لافاوەوە لە باشوری کوردستان گیانیان لە دەستداوە و نزیکەی ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
کەشوهەوا
لافاو
کەرکوک
