خوێندراوەتەوە: (5.7K)

محمد سەمەد مەحمود

وێستگەیەکی شەمەندەفەر کە هێڵەکانی ئاسنی ژێرەوەی دزراون، بەڵام هێشتا لە بڵندگۆکانەوە پێمان دەڵێن کە شەمەندەفەری ڕزگاری و چاکسازی بەڕێوەیە. گەنجێکی ماندوو لەسەر کورسییەکی شکاو دانیشتووە، سەیری کاتژمێرێکی وەستاو دەکات و دەزانێت کە هەرگیز هیچ گەشتێک ڕوونادات، چونکە ئەوانەی بلیتەکانیان پێ فرۆشتووە، زۆر لەمێژە بە پارەی دزراوی میللەت وڵاتیان جێهێشتووە. ئەم دەسەڵاتە تەنها خەزێنەی دەوڵەتی تاڵان نەکردووە، بەڵکو گەورەترین دزیی کە کردوویەتی، دزینی ئەو بڕوایە بوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم زەلکاوە دەکرێت ببێتەوە بە نیشتمان.

کاتێک دەسەڵاتی بنەماڵە بانگەشەی چاکسازی دەکات، گەنجان تەنها زەردەخەنەیەکی تاڵ دەکەن، چونکە دەزانن ئەمە تەنها پرۆژەی وەهمییە بۆ کڕینی کات و درێژکردنەوەی تەمەنی تاڵانچییەکان. ئەو نەوەیەی کە لەناو قەیرانی دروستکراو و بێکاریدا گەورە بووە، زۆر باش تێگەیشتووە کە دادگای کارتۆنی و پەڕاوی هەڵبەستراو هەرگیز نابنە ئامرازی دادپەروەری، بەڵکو تەنها ئامێرێکن بۆ سەرکوتکردنی مەدەنی. قەیرانەکە چیتر تەنها نەبوونی مووچە یان باڵادەستیی ئابووری سێبەر نییە؛ قەیرانەکە داڕمانی تەواوەتیی متمانەیە بە هەر وشەیەک کە لە دەمی ئەم فەنتەڵۆسانەوە دەردەچێت، کە دەیانەوێت بە تۆقاندنی دەروونی بێدەنگی بسەپێنن.

(وەک چۆن فرانتز فانۆن دەڵێت: “هەر نەوەیەک دەبێت لەناو تاریکییەکی ڕێژەییدا، ئەرکی مێژوویی خۆی بدۆزێتەوە، یان جێبەجێی بکات، یان خیانەتی لێ بکات”) ئەمەش هەمان ئەو بارودۆخەیە کە لە جەزائیری سەردەمی داگیرکاریدا هەبوو، کاتێک گەنجان تێگەیشتن کە چاوەڕێکردنی چاکسازی لە بکوژەکان هیچ ئەنجامێکی نابێت و دەبێت خۆیان چارەنووسیان بنووسنەوە. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، ڕێگەی دەنگهەڵبڕینیان بە هێزی تاریکی داخستووە و دەرفەتی کارکردنیان بۆ کۆمپانیا حزبییەکان قۆرخ کردووە، بۆیە گەنجی ئێمە هەمیشە وەک بێگانەیەک لەسەر خاکی خۆی دەژی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 123 Today: 1,532 📊 Click Here