پارتی گەلانی یەکسانی و دیموکراسی داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات پابەندی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بێت و دەستبەجێ سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەرجەم زیندانیانی سیاسی ئازاد بکات.
هاوسەرۆکانی پارتی دەم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس داوایانکرد، بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکرێت و دەستبەجێ دەمیرتاش و یوکسەکداغ و سەرجەم سزاداراوانی دۆسییەی کۆبانێ و زیندانیکراوانی سیاسی ئازاد بکرێن.
لە کۆی ١٠٨ کەس کە لەم دۆسییەیەدا دادگایی کراون، بڕیاری ئازادکردن بۆ ٥ کەسیان دەرچوو، لەنێویاندا گوڵتان کشاناک و سەباحەت تونجەل. لە ئێستادا دۆسییەکە گواستراوەتەوە بۆ دادگای هەرێمیی ئەنقەرە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. پارتی دەم داوای ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی ئەم دۆسییەیە و زیندانیانی سیاسیی دیکەش دەکات.
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە 3 بۆنەی جیاوازدا ٢٠١٨ و ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ بڕیاری داوە، کە مافەکانی دەمیرتاش پێشێلکراون و پێویستە ئازاد بکرێت. هەروەها، لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە ١٧ی ئەیلولدا رایگەیاند، کە هێشتنەوەی دەمیرتاش لە زینداندا پێشێلکاریی ماددەکانی ٥و ١٨ی پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپایە. لە دوایین بڕیاریدا لە ٨ی تەمموزی ٢٠٢٥، دادگای ئەوروپا ٣ مانگ مۆڵەتی بە تورکیا داوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە، لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ەوە دەستگیرکراون. لە ١٥ی ئایاری ٢٠٢٤، لە چوارچێوەی “دۆسییەی کۆبانێ”دا، سزای ٤٢ ساڵ زیندان بەسەر دەمیرتاش و ٣٠ ساڵ و ٣ مانگ بەسەر یوکسەکداغدا سەپێندرا. ئەم دۆسییەیە پەیوەستە بە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٤ بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان.
سەلاحەدین دەمیرتاش
دادگای تورکیا
ئازادکردن
