محمد قادر حسن
بەرنامەی کار و ئەجێندای هەموو کابینەیەکی نوێی حکومەت لە عێراقدا، تەنیا ڕەخنەگرتن و خستنەئۆباڵی شکستی چاکسازی بێت بەسەر شانی دەسەڵاتدارانی پێش خۆیدا؟ لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، کاتێک تەمەنی کابینەیەک کۆتایی پێ دێت و حکومەتێکی نوێ دەستبەکار دەبێت، یەکەمین ڕاگەیەندراوی سەرۆک وەزیران و وەزیرە نوێیەکان بە بەڵێنی پاککردنەوەی وڵات لە گەندەڵی و ئاشکراکردنی کەموکوڕییەکانی ڕابردوو دەست پێ دەکات؛ هەموو کابینەیەک بە شانازییەوە ڕادەگەیەنێت: “ئێمە وڵاتێکمان وەرگرتووە کە پڕییەتی لە وێرانی و کەلەپووری گەندەڵی کە کابینەی پێشوو بۆی جێهێشتووین!
” بەڵام کاتێک تەمەنی ئەم حکومەتە نوێیەش بەسەر دەچێت، کابینەی دوای ئەویش بە تەواوەتی هەمان ڕستە و هەمان پاساو دووبارە دەکاتەوە؛ بەم جۆرە پرسی بەرپرسیارێتیی گەندەڵی لە ئەرکێکی یاسایییەوە دەگۆڕێت بۆ تۆپێک کە هەر کابینەیەک هاوێژێتە مەیدانی کابینەکەی ترەوە، تا ئەنجام دەگاتە شوێنێک کە هیچ کەسێک ئامادە نییە بەرپرسیارێتیی ڕاستەقینەی دۆخەکە بگرێتە ئەستۆ. وەک تەنزێک لەسەر ئەم نەریتە بەردەوامەی ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی دەبێت بڵێین: “دیارە بەهێزترین و سەرکەوتووترین هاوپەیمانێتیی سیاسی لە تەواوی مێژووی عێراقدا، ‘هاوپەیمانێتیی حکومەتەکانی پێشوو’یە، چونکە بەبێ هیچ ڕێککەوتنێک هەموان بەکۆمەڵ بەرپرسیاریی تەواوی گەندەڵییەکانیان خستۆتە سەر شانی!” دوای زیاتر لە دوو دەیە لە تاقیکردنەوەی دەسەڵاتدارێتیی جۆراوجۆر،
چیتر پاساوی خستنەئۆباڵی کەمتەرخەمییەکان بەسەر شانی پێشینان بەهای سیاسی و جەماوەریی خۆی بەتەواوەتی لەدەستداوە. هەموو دەسەڵاتێک کە بەڵێنی چاکسازی دەدات، ئەگەر نەتوانێت ئامرازە دامەزراوەییەکان بۆ لێپرسینەوە ببوژێنێتەوە، لە کۆتاییدا خۆی دەبێتە بەشێک لە هەمان مێژووە تاریکەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەڵێنی ڕاستکردنەوەی دەدا؛ چونکە مێژوو بە بەڵێن و ڕستەی جوان سەنگاندن بۆ حکومەتەکان ناکات، بەڵکو بەو ئەنجامانە دادوەریان دەکات کە لە دوای خۆیان بۆ خەڵکی جێدەهێڵن.
