ڕۆژان عزالدین – چالاکوان
لەگەڵ مندا سەرنجێک بە، لە کتێبی (کیمیاگەرەوە) لە سەر زاری کیمیاگەرەکەوە: (بیر لەوە مەکەرەوە کە بەجێت هێشتووە…هەموو شتێک لە رۆحی جیهاندا نوسراوە و بۆ هەتا هەتایەش لەوێدا دەمێنێتەوە)، تۆ بروانە قووڵ بەرەوە.
ئایا ئەکرێ ؟
بەراست ئەکرێ؟
مرۆڤ وا زوو لە بیریکات ئەوەی کە بە جێی هێشتوە؟
نیشتیمانی رەشو رووتی پەتیکراو لە رووناکی لە یاد ئەکرێ؟
ئایا سەرەی دوور و درێژی باوکانی خانەنیشین لە بیر ئەكرێ؟
گەنجانی خێر لە خۆ نەدیو!
کە لەژێر باردا رەنگ پەرییو!
ژماردنی پارەی گیرفان تا سەری مانگ!
لەبیر ئەکرێ؟
دایکانی پیر..
پەنجە تەقیو و لێو بەبار لە خەمی نانی سەر خوان!
لە بیر ئەکرێن؟
من نەمتوانی هیچ لە بیرکەم…
زستان یەتوو (دایکانی وان) خەریکی پاڵتۆ کرینن…
(دایکانی مەش) هەر لە خەمی نەوت و ژینن…
بۆیە ئازاری نیشتیمان لەرۆحی جیهاندا نوسراااو بۆ هەتایەش لەوێدا مااا…
لە بیر ئەکرێ؟؟؟
ئیهمال ئەکرێ ؟؟؟
تۆ مەگەر بەنی ئادەم نیت ؟!
تا بتوانی
لەم گێژاوی نا دادییا
پەنا بۆ دادگایە نەبەیت!
کەسێک گووتی:
کامە دادگا؟!
کێ بوو گوتی کامە دادگا؟!
من پێتەڵێم:
دادگای خودا
دادگای ویژدان
دادگای میللەتی بە ئاگا
دیسان گووتی:
سوودی چییە؟!
تۆ بووی وتت سوودی چییە؟
یەقینت بێت
تاریکترین کاژێری شەو…
رێک بەر لە کازیوەیە…
