وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، محەمەد حەکیم، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە سەردانیکردنیان بۆ لای پارتە سیاسیەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت “دوای جەژن سەردانی هەڵوێست و یەکگرتوو دەکەین”.
دوو شەممە، ٢٥ ئایار ٢٠٢٦، محەمەد حەکیم رایگەیاند “دوای جەژن کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان بەردەوام دەبێت و لەبەرنامەماندایە لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و ڕەوتی هەڵوێست کۆببینەوە”.
وتەبێژەکەی کۆمەڵەی دادگەری وتیشی “تەوەری گفتوگۆکانمان لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن جیاواز دەبێت لەو پرسانەی کە لەگەڵ لایەنە دەسەڵاتدارەکان گفتوگۆمان لەسەر کردووە، لەگەڵ ئەوان زیاتر باس لە کاری هاوبەش و پێکەوەیی و جەختکردنەوە لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی کێشەی مووچە دەکەن”.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتی و یەکێتی، محەحمەد حەکیم وتی “بە هەردوولایانەکەمان ڕاگەیاندووە پێویستە قوربانی بدەن و لە پێناو خەڵکدا واز لە بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان بهێنن و پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵک بکەن و لانی کەم مووچەکانیان دابین بکەن”.
هەفتەی پێشوو شاندی کۆمەڵ لە هەولێر سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد و پرسی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەیان تاوتوێ کرد و دوێنێ یەک شەممەش سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرد و پێکەوە تاوتوێی ڕەوشی سیاسی و “لێکنزیکبوونەوەی زیاتری لایەنەکانیان” کرد.
کۆمەڵی دادگەری
