خوێندراوەتەوە: (5.7K)

دابان ئیبراهیم عەبدوڵا

وەک پاشایەک کە تاجەکەی لەسەرە و بەناو بازاڕدا پیاسە دەکات، بەڵام لەبری ئەوەی خەڵک لێی بترسن یان ڕێزی لێ بگرن، بە ئاشکرا پێی پێدەکەنن و دەیکەنە بابەتی نوکتەکانیان؛ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش گەیشتوونەتە ئەم قۆناغەی بێبەهابوون. کاتێک هاوڵاتییەک گوێی لە لێدوانی بەرپرسێکی باڵا یان بەیاننامەیەکی حکومەت دەبێت، ئیتر نەک باوەڕی پێ ناکات یان لێی توڕە نابێت، بەڵکو یەکسەر دەیکاتە کۆمیدیایەکی ڕەش  لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەمە نیشانەی ئازادیی ڕادەربڕین نییە، بەڵکو گەورەترین زەنگی مەترسییە بۆ هەر سیستەمێک؛ چونکە کاتێک سیاسەت و حوکمڕانی لە پرسێکی جدییەوە دادەبەزێت بۆ ئاستی گاڵتەجاڕی و مەهزەلە، ئەوە مانای وایە شەرعیەتی دەسەڵات پێشتر بەتەواوی لەناوچووە.

لە زانستی سیاسیدا، توڕەیی و خۆپیشاندان نیشانەی ئەوەن کە خەڵک هێشتا هیوایان بە گۆڕانکاری و وەڵامدانەوەی سیستەمەکە هەیە. بەڵام کاتێک کۆمەڵگا دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە دەسەڵاتدارەکان ئیتر نە توانای گوێگرتنیان هەیە و نە توانای شەرمکردن، پەنا دەباتە بەر کۆمیدیا و گاڵتەپێکردن وەک دواین چەکی بەرگریی دەروونی و سەلماندنی بێبایەخیی دەسەڵات. کاتێک پرۆسەیەکی وەک پێکهێنانی کابینەی حکومەت یان دابەشکردنی مووچە دەبێتە بابەتی هەزاران میم و نوکتەی فەیسبووک، واتە خەڵک ئیتر ئەو دامەزراوانە وەک بەشێک لە دەوڵەت نابینن، بەڵکو وەک شانۆگەرییەکی خراپ دەیانبینن کە ئەکتەرەکانی تەنانەت نازانن دەقەکانیشیان بە باشی بخوێننەوە.

(وەک چۆن جۆرج ئۆروێڵ دەڵێت: “هەر گاڵتەیەک، شۆڕشێکی بچووکە”) ئەمەش ڕێک هەمان ئەو قۆناغەیە کە یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵەکانی هەشتاکاندا تێیکەوتبوو. لەو کاتەدا، خەڵک لەبری ئەوەی دژی پارتە کۆمۆنیستەکە خۆپیشاندان بکەن، دەستیان کردبوو بە دروستکردنی نوکتەی تاڵ لەسەر برێژنێڤ و سەرکردەکانی تر. خەڵک دەیانزانی سیستەمەکە درۆ دەکات، سەرکردەکانیش دەیانزانی کە خەڵک دەزانێت ئەوان درۆ دەکەن، بەڵام هەمووان بەردەوام بوون لە نمایشەکە. ئەو گاڵتەپێکردنە بەربڵاوە، نیشانەی هەرەسهێنانی باوەڕی ناوەکیی سیستەمەکە بوو پێش ئەوەی بە فەرمی بڕووخێت. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە لە کوردستان، لە سەرکردەکانی سۆڤیەتیش نابیناترن؛ ئەوان پێیانوایە تا ئەو کاتەی خەڵک پێدەکەنێت و پەلاماری بارەگاکان نادات، مانای وایە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە. ئەوان تێناگەن کە ئەو پێکەنینە، پێکەنینی ڕازیبوون نییە، بەڵکو پێکەنینی سڕبوون و بێزارییەکی قووڵە لە دووڕوویی مافیا و کارتێلە سیاسییەکان.

هەرێمی کوردستان کراوەتە تەماشاگەرییەکی مەدەنی کە تێیدا بڕیارە چارەنووسسازەکان ئەوەندە سووک کراون، ئیتر هیچ شکۆیەک بۆ پۆستی وەزیر، پەرلەمانتار، یان سەرۆک نەماوەتەوە. ئەم دەسەڵاتە بە دەستی خۆی سیاسەتی لە “هونەری بەڕێوەبردنی دەوڵەت”ەوە گۆڕیوە بۆ “پیشەی چەتەگەریی ڕێکخراو”، کە تێیدا تاکە شتێک کە جێگەی سەرسوڕمان بێت، ئەوەیە کە بەرپرسێک بەڕێکەوت ڕاستییەک بڵێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 116 Today: 1,526 📊 Click Here