خوێندراوەتەوە: (180)

مە ريوان قادر حسن

پارتی بە بردنی ٣٩ کورسی و یەکێتی بە ٢٣ کورسی خۆیان وەک سەرکەوتووی یەکەم پێشان دا، بەڵام سەرکەوتنێک کە نەبووە هۆی دروستبوونی حکومەتێكی کارا، تەنیا ڕاستییەک دەسەلمێنێت: ئەمە دیموکراتی بوو کە بەدۆڕاوی لە مەیدانەکە هاتە دەرەوە. لە واقیعدا سیستەمی سیاسیی هەرێم هەڵبژاردنی نەکرد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی هاووڵاتییان، بەڵکو پرۆسەکەی گۆڕی بۆ حاسیبەیەکی گەورەی ئەژمارکردنی ژمارەکان تا پارتە باڵادەستەکان ئەو ژمارانە بکەنە کارتی گوشار و سەوداگەری؛ بە جۆرێک کە هەر وەزارەتێک، دەزگایەکی ئەمنی یان پۆستێکی باڵا، بێ هیچ گوێدانێک بە مافی هاووڵاتی، دەبێتە بەشێک لە بازاڕی دابەشکاریی درێژخایەن. ڕێک وەک دوو بازرگان کە لەسەر کۆمپانیایەکی بەتاڵ و نەنوسراو شەڕ دەکەن؛ هێشتا ئۆفیسی کۆمپانیاکە نەکراوەتەوە و بەردی بناغەی دانەنراوە، کەچی ئەوان بێشەرمانە بەشەڕ هاتووێن لەسەر ئەوەی کێ لەسەر کورسیی بەڕێوەبەری گشتی دابنیشێت! لەم هاوکێشە تاڵەدا

، ئیتر هاووڵاتی بەتەواوی لە حیساباتەکان دەسڕدرێتەوە و پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: ئایا ئەوان لە دانوستاندان بۆ پێکهێنانی حکومەتێكی بەسوود بۆ خەڵک، یان لە ململانێدان بۆ بەشکردنی کەرمەکەی حکومەتێک کە هێشتا لەسەر زەوی بوونی نییە؟ کاتێک پارتە سیاسییەکان ئەنجامی هەڵبژاردن و دەنگی نەتەوەیەک نەکەنە ئەمانەتێک بۆ خزمەت، بەڵکو وەک پشکی کۆمپانیایەکی بازرگانی تەماشای بکەن، ئیتر ناوی ئەو پرۆسەیە دیموکراتی نییە، بەڵکو کۆبوونەوەی دەستەی هاوپشکەکانە بۆ دابەشکردنی دەستکەوتەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 21 Today: 1,791 📊 Click Here