وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند” ڕوداوەكەی ئەمڕۆ نزیك پاڵاوگەی لاناز درێژكراوەی پیلانی چەند دەستێکی دەرەکیە بە فیتی هەندێک کەس و لایەنی ناوخۆیی، هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدرێت.”
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئەمشەو ٢٩ی تشرینی دووەم، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە” ماوەیەکە لە لایەن چەند دەستێکی دەرەکی و بە فیتی هەندێک کەس و لایەنی ناوخۆیی، هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدرێت. نوێترین هەوڵی تێکدەرانە بە بەئامانجگرتنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستی پێکرد کە مەبەست لێی راگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم بووە.”
ئاماژەی بەوەشكرد، بە هاندانی ناوخۆیی و دەرەکی، کۆمەڵە کەسێکی ئاژاوەگێڕ رێگای تانکەرەکانی گواستنەوەی سوتەمەنی و هاوڵاتیانیان لە سنوری گوێڕ گرت و تەقەیان بە سەر خەڵک و رێبوارانی ئەو رێگایەدا کرد.
وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی قوربانییەكانەوە باسی لەوەكردوە، لە ئەنجامی تەقەی ئەو کەسانەدا هاوڵاتییەک بووە قوربانی و گیانی لە دەستدا و ژمارەیەک کەسی تریش برینداربوون”.
دەشڵێت، چیتر رێگە نادەین سود لە نیازپاکیی دامو دەزگاکانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت و سنورێک بۆ ئەو کارە تێکدەرانە دادەندرێت. بۆ راگرتنی ئەو جۆرە ئاژاوەگێڕییانە، بە پێی یاسا بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ کەسانی ئاژاوەگێڕ دەکرێت و کەس لە سەروی یاسا نیە.
شەممە، ٢٩ تشرینی دووەم، خەڵکیگوندی لاجانی سەر بە شارەدێی گوێڕ لە سنوری پارێزگای هەولێر دەستیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین کرد و لەبەردەم پاڵاوگەی لاناز خۆپیشاندانیان کرد، خۆپیشاندانەکە گرژی تێدا دروستبوو، بە پێی زانیاریە سەرەتاییەکان ژمارەی کوژراوەکان بونەتە سێ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش دە کەسە، کە لەلایەن پاسەوانانی پاڵاوگەکە و هێزە ئەمنیەکانەوە تەقەیان لێکراوە.
وەزارەتی ناوخۆ
خۆپیشاندان
گوندی لاجان
