خوێندراوەتەوە: (6.7K)

سەربەست سەعید ساڵح

لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا، هێزی بنەڕەتیی دروستکەر و بڕبڕەی پشتی وڵات، ئەو چێنە زەحمەتکێش و کەمئامەدەیە کە ڕۆژانە بە ئارەقەی نێوچەوانیان دەوڵەت لەسەر پێ دەهێڵنەوە. بەڵام لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئۆکتۆبەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا، پرۆسەیەکی مەترسیداری سڕینەوەی هۆشیاریی گشتی بەڕێوەدەچێت؛ تێیدا هەژارەکان، کرێکارە بێکارەکان، فەرمانبەرە مووچەپاشەکەوتکراوەکان و خێزانە کەمئامەدەکەن، ئەگەرچی جەستەیان لە هەموو کۆڵان و بازاڕێکدا ئامادەیی هەیە، بەڵام بەتەواوەتی لەناو دیمەنی سیاسی و میدیاییدا کراونەتە کارەکتەری بێدەنگ و نادیار. هاووڵاتییەک کە ڕۆژانە خەریکی جەنگە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل و نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکان، لە شانۆگەریی دەسەڵاتدا بەتەواوەتی پەراوێز خستراوە و کامێراکان بە ئەنقەست ڕوویان لە شوێنێکی تر کراوە.

زۆربەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەبری ئەوەی ببنه ڕەنگدانەوەی ئازارە قووڵەکانی ئەم چێنە بەشخوراوە، هەموو ئامێرەکانی وێنەگرتنیان تەرخان کردووە بۆ نیشاندانی ژیانی پڕ لە ڕەفاهیەتی نوخبەیەکی دەستچێنکراو. شاشەکان پڕکراون لە وێنەی ئۆتۆمبێلی گرانبەها، کۆڕ و کۆبوونەوەی بەرپرسەکان، ستایلی ژیانی فاشنیستاکان و نمایشکردنی سەروەت و سامانی بادراو. ئەم هەڵسوکەوتە نەک تەنیا سووکایەتییە بە کەرامەتی مرۆڤ، بەڵکو پرۆسەیەکی هۆشیارانەیە بۆ ئاساییکردنەوەی هەژاری و گۆڕینی هاووڵاتیی ڕەسەن بۆ پەراوێزکەوتوویەک کە گوایا هیچ ڕۆڵێکی لە دیاریکردنی داهاتووی وڵاتەکەی خۆیدا نییە. کاتێک ئازاری ملیۆنان کەس لەژێر دروشمی “ئارامی و ئاوەدانی”ی میدیاییدا دەشاردرێتەوە، بنەماکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەتەواوەتی دەڕوخێن.

لە هەناوی ئەم جیاکارییە سەختەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە بگوترێت: “لە عێراقدا هەژارەکان پێویستیان بەوە نییە کۆچ بکەن بۆ دەرەوەی وڵات، چونکە دەسەڵاتداران لە مێژە لەناو نیشتمانەکەی خۆیاندا وەکو غەریب و نادیار تەماشایان دەکەن!”

کاتێک کۆمەڵگە ڕادێت لەسەر نادیاربوونی ئازاری هەژارەکان و تەنیا بینەری چێژ و سەروەتی دەسەڵاتداران و دەستپێوەندەکانیان دەبێت، شیرازەی بەهاداری و پێکەوەژیان تووشی وێرانیی هەمیشەیی دەبێتەوە. چاکسازیی ڕاستەقینە کاتێک جێبەجێ دەکرێت کە کامێراکان، بڕیارە سیاسییەکان و بودجەی دەوڵەت دووبارە بگەڕێنەوە بۆ خزمەتکردنی ئەو زۆرینەیەی کە وڵاتەکەیان لەسەر شانی خۆیان ڕاگرتووە، نه ک هێشتنەوەیان لەژێر سێبەری بێدەنگیدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 102 Today: 2,885 📊 Click Here