عەبدوباست عومەر حەمە
لە زۆربەی وڵاتە دیموکراتی و ئاساییەکانی جیهاندا، سیاسەتمەدارەکان وەک هەر فەرمانبەرێکی تر تەمەنێک و ماوەیەکی دیاریکراویان هەیە و دواتر خانەنشین دەبن؛ بەتایبەتی کاتێک شکستی گەورە دەهێنن یان جەماوەر لێیان بێزار دەبێت، بەوپەڕی ڕێزەوە یان بە شەرمەزارییەوە ماڵئاوایی دەکەن و دەچنەوە ماڵەکانیان . بەڵام لە تابلۆ تراجیکۆمیدییەکەی هەرێمی کوردستاندا، نوخبەی دەسەڵاتدار داهێنانێکی زۆر سەیریان کردووە: ئێمە هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدانمان هەیە، بەڵام شتێک بە ناوی “خانەنشینیی سیاسی” هەرگیز بوونی نییە ! لەم وڵاتەدا، سەرکردە و بەرپرسە حزبییەکان وەک پەیکەر و مۆنیۆمێنتی مێژوویی وان؛ سەرەڕای شکستی یەک لە دوای یەک، سەرەڕای داڕمانی ژێرخانی ئابووری، دیارنەمانی ملیارەها دۆلاری داهاتی نەوت، سڕکردنی پەرلەمان، و گەڕانەوەی مۆتەکەی مۆەلیدە ئەهلییەکان بۆ ناو گەڕەکەکانمان لەبری ئەو کارەبا ٢٤ کاتژمێرییەی بەڵێنیان دەدا، کەچی هێشتا بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە لەسەر شاشەکان دەردەکەون و وەها خۆیان نمایش دەکەن کە تاکە فریادڕەسی نیشتمانن . ئەمە ئەوپەڕی گاڵتەجاڕییە کە هاوڵاتییەکی کورد لە تەمەنی منداڵییەوە تا دەگاتە پیری، تەنیا هەمان ئەو دەموچاوە سیاسییانە دەبینێت کە ساڵانێکە هەمان بەڵێنی درۆینی “چاکسازی” و “دوبەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”ی پێ دەفرۆشن، بێ ئەوەی بچووکترین گۆڕانکاری لە واقیعی تاڵی ژیانیدا دروست بکەن .
کاتێک وەزیرێک یان بەرپرسێک ناتوانێت سەرەتاییترین خزمەتگوزاری وەک ئاو و کارەبا دابین بکات یان مووچە لە کاتی خۆیدا بدات، لەبری ئەوەی دەستلەکاربکێشێتەوە و داوای لێبووردن لە شەقام بکات، تەنیا کورسییەکەی یان ناوی پۆستەکەی دەگۆڕێت و بۆ دەیان ساڵی تر لەسەر ملی ئەم میللەتە ماندووە دەژی . باوکێکی هەژار کە ناتوانێت بژێویی منداڵەکانی دابین بکات، و گەنجێک کە بەهۆی بێکارییەوە خەونەکانی خنکاون، دەبێت هەموو چوار ساڵ جارێک بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان تەنیا بۆ ئەوەی شەرعیەت بە مانەوەی هەمان ئەو کەسانە بدەنەوە کە هۆکاری سەرەکیی نەهامەتییەکانیانن . ئەوان وەها مامەڵە دەکەن کە گوایە وڵات تاپۆی ڕەشیانە و پۆستەکانیش بەشێکن لە میراتی خێزانی، بۆیە گرنگ نییە چەندە شکست دەهێنن یان شەقام چەندە لێیان تووڕەیە، چونکە لە فەرهەنگی ئەواندا وازهێنان لە دەسەڵات تاوانە .
لە کۆتاییدا، کاتێک سەیری ئەم شانۆگەرییە بێزارکەرە دەکەین کە تێیدا تەمەنی نەوەکان بەفیڕۆ دەچێت، دەبێت دان بەو ڕاستییە تاڵەدا بنێین کە لەم هەرێمەدا تەنیا ناوی وەزارەتەکان دەگۆڕێن؛ حکومەتەکان دەگۆڕێن، بەڵام بنەماڵە و خانەوادە سیاسییەکان بۆ هەمیشە دەمێننەوە !
