ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نوجەبای عێراق، لەسەر ئەو لێدوانانەی نێردەی ئەمریکا لە عێراق دژی گروپی چەکدارە شیعەکان دەیدات، هەڕەشە دەکەن و دەڵین “بەردێک دەکەینە قوڕگیەوە”.
چوار شەممە، ٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نوجەبای عێراق، هەڵوێستی بزوتنەوەکەی لە بەرامبەر مارک ساڤایا، نێردەی ئەمریکا لە عێراق ڕاگەیاند، لە بەرامبەر لێودوانەکانی ساڤایا کە داوای کۆتاییپێهێنانی گروپە چەکدارە شیعەکان دەکات لە عێراق، ئەکرەم کەعبی دەڵێت “ئەگەر بێدەنگی نەکەن، مقاومەی ئیسلامی بەردێک دەخاتە قوڕگییەوە و دەیگەڕێنێتەوە بۆ گەورەکانی کە کردوویانە بە کۆیلە”.
نێردەی ئەمریکا لە عێراق، چەند جارێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هێرشی کردووەتە سەر گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق، بە تایبەتی ئەو گروپانەی خۆیان بە مقاومەی ئیسلامی دەناسێنن و بزوتنەوەی نوجەباش یەكێکە لەو گروپانە کە سەر بە حەشدی شەعبیە و نزیکە لە ئێران.
