رەخنەگرتن لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی جیاجیای تورکیا بەردەوامە، لە نوێترین لێدواندا لە ترۆپکی دەسەڵاتی تورکیاوە، ئەردۆغان وتی ” “دەمەوێت ئەوە دەرببڕم کە ئەو لێدوانانەی هاوپەیمانەکەمان دەوڵەت باخچەلی دەکاتە ئامانج، قبوڵ ناکرێت”.
رۆژی چوار شەممە ٣ ی کانوونی یەکەم، تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە بارەی ئەو بەیاننامەیەی بارەگای بارزانی دژی دەوڵەت باخچەلی دەریکرد، هاتە دەنگ و بەبێ ناوهێنانی مەسعود بارزانی، رایگەیاند ” هەردوو وتەبێژی حزبەکەمان و وەزارەتی دەرەوە نیگەرانی خۆمان سەبارەت بەو بابەتە دەربڕیوە و داوای ڕوونکردنەوەمان کردووە. پێویستە ئەم هەڵە گەورەیە بەزووترین کات چاک و ڕاست بکرێتەوە”.
سەرەتای ئەم هەفتەیە مەسعود بارزانی، بەشداری چوارەمین سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری کرد کە لە لایەن پارێزگاری شرناخ لە ٢٩ ی تشرینی دووەم ڕێکخرابوو، وێنەی پاسەوانەکانی بەچەکەوەو “ئاڵای کوردستان” لەسەر قۆڵیان بووە، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناو ڕەخنەی بەشێک لەکاربەدەستانی تورکیای لێکەوتەوە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی تورکگون، وێنەی پاسەوانەکانی بە”شەرمەزارکەر”بۆ دەوڵەتی تورکیا وەسف کرد.
لە بەرامبەر ئەو لێدوانەی باخچەلی لە بەیاننامەیەکدا بارەگای بارزانی لە راگەیاندنێکدا لێدوانەکانی سەرۆکی مەهەپەی بە “بەرهەمی بیرکردنەوەی شۆڤێنی” وەسف کردو راشیگەیاند “ئێمە پێمان وابوو کە خودا ڕێنوێنی دەوڵەت باخچەلی کردووەو وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤێنیزم هێناوە، بەڵام هەر گورگەو لەپێستی مەڕدا”.
ئەو لێدوانە دژەیەکانە لە کاتێکدایە پرۆسەی ئاشتی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا جۆرە راوەستانێکی پێوە دیارە، پەکەکە ئاماژە بەوە دەکەن ئەوەی سەرۆکەکەیان، عەبدوڵا ئۆچلان داوای لێکردووەن جێبەجێیان کردووە، بەڵام حکومەت نە دۆخی سەرۆکەکەیانی چاکردووە، نە مافی کوردیش تا ئێستا بە یاسا ناسێنراوە.
مەسعود بارزانی
دەوڵەت باخچەلی
ئالای کوردستان
ئەردۆغان
