ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە بانگهێشتی فەرمییان لە حکومەتی سووریا لە دیمەشق پێگەیشتووە بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، جەختیشی کردەوە کە کۆبوونەوەکە کۆبوونەوەی دانوستان نابێت.
سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد، بە میدیای ڕۆژئاوای ڕاگەیاندووە، “بەفەرمی لەلایەن حکومەتی سوووریاوە لە دیمەشق بانگهێشت کراین، ئەحمەد شەرع دەیەوێت لەگەڵ شاندێکی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد کۆببێتەوە، ئێمەش لەڕووی پرەنسیپەوە کۆبوونەوەکە ڕەتناکەینەوە”.
لێدوانەکەی ئۆسۆ، لە پەراوێزی دانیشتنێکی دیالۆگ بوو کە لەلایەن ڕێکخراوی بێڵەوە لە شاری قامیشلۆ ڕێکخرابوو، کە لەژێر ناوی”سوریای نوێ و پاراستنی فرەچەشنی” بەڕێوەچوو.
ئۆسۆ داوای لە حکومەت کرد لە دیمەشق لەگەڵ شاندی هاوبەشی کورد کۆببێتەوە و جەختیشی لەوە کردەوە،، کە ئەوان پشتگیری لە پرەنسیپی دیالۆگ و دانوستان دەکەن و ئەرکی ئەوان دانوستان نییە بەناوی شاندی هاوبەشی کوردەوە، بەڵکو بە سادەیی کۆببنەوە بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ.
ڕوونیشیکردەوە، تا ئێستا وادەی کۆبوونەوەکە لەگەڵ شەرع دیاری نەکراوە، بەڵام ئامادەیی خۆیان بۆ ئەوە دەربڕیوە.
ئۆسۆ وتیشی، “ئەم کۆبوونەوەیە کاریگەری لەسەر شاندی هاوبەشی کورد نابێت، کە دوێنێ چوارشەممە لەگەڵیان کۆبووینەوە، وردەکارییەکانی بانگهێشتنامەکەمان ڕوونکردەوە، جەختیشمان کردەوە کە شاندی هاوبەشی کورد نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی کوردستان دەکات، لە سەرجەم بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “پلانێک هەیە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی و کاتێک کە بڕیاردرا لەگە ئەحمەد شەرع کۆببینەوە بێگومان فەرماندە عەبدی ئاگادار دەبێت”.
ئۆسۆ جەختیشێکردەوە، “بە خەمڵاندنی من فشارێکی بەرچاو لەسەر دیمەشق هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ شاندی هاوبەشی کورد کۆببێتەوە، هاوکات داوای پێویستی جیاکردنەوەی ڕێڕەوی سیاسی و سەربازی و ئیدارییش هەیە”.
