کچێکی کوردی ئێزدی دوای 11 ساڵ لە رفاندنی رزگارکرا؛ ‘هەموو ئەشکەنجەیەکم بینی’

جار خوێندراوەتەوە : (7)

کوردێکی ئێزدی دوای 11 ساڵ لە رفاندنی لەلایەن داعشەوە، رزگار دەکرێت و گەڕایەوە نێو کەسوکارەکەی لە دهۆک. ئەو دەڵێت، لەو ماوەیەدا “هەموو ئەشکەنجەیەکم بینی.”

دیما ئەمین، 24 ساڵە. خەڵکی گوندی کۆچۆیە لە شنگال و لە ساڵی 2014 دا داعش لەگەڵ 8 کەسی دیکەی خێزانەکەی رفاندی. ئەو کاتە تەمەنی 13 ساڵ بوو، بەپێی قسەکانی خۆی سێ ساڵ لە سووریا و زیاتر لە 7 ساڵیش لە تورکیا ماوەتەوە.

دیما ئەمین، باس لە ژیانی خۆی دەکات لەو ماوەیەدا و دەڵێت، “ئەو ژیانەی تێیدا بووم زۆر ناخۆش بوو و هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکم بینی. منداڵییان لێ دزیم، خەونەکانیان لێ سەندم و ژیانیان وێران کردم. لەبەر ئەمە هەرگیز لێیان خۆش نابم، رۆژی ئەوان لای خودایە و خوداش مافی ستەملێکراوان ون ناکات… من ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم، چونکە دوای ماوەیەکی زۆر، دوای نزیکەی 11 ساڵ، گەڕامەوە ناو خێزان و وڵاتی خۆم… ژیانم بە غەریبییەوە بردەسەر و خراپترین رۆژگارم بەسەربرد.”

ملوکە خدر، ئاوارەیەکی شنگالە و لەبارەی ئازادکردنی ئەو گەنجەوە دەڵێت، “زۆر دڵخۆشین و هەرکەسێک یارمەتی داوین، ماڵی ئاوا بێت. دەمانەوێت هەموویان رزگار بکەن؛ کچمان هەیە لە تورکیا، سووریا، لە کەمپی هۆل و لە هەموو شوێنێک.”

ساڵێک پێش ئێستا، هاوژینە سعودیەکەی دیما هەوڵیداوە بیباتە وڵاتی میسر، بەڵام بەهۆی پاسپۆرتی ساختەوە لە فڕۆکەخانە دەستگیرکراون. ساڵێک لە زینداندا ماونەتەوە. نزیکەی مانگێک پێش ئێستا ئازاد کراون و دواتر لە دەستی هاوسەرەکەی هەڵاتووە. خۆی گەیاندووەتە ماڵێک و پەیوەندیی بە کەسوکارەکەیەوە کردووە. لە رێگەی عەبدوڵڵاوە رزگار کراوە، کە تاوەکو ئێستا 403 کەسی رزگار کردووە.

عەبدوڵڵا شرێم، ئاوارەیەکی دیکەی شنگالە و ئاماژە بەوە دەدات، “ئێمە لە رێگەی چەند هاوڕێیەکەوە داوامان لە چەند کەسێک کرد کە لە ئەدەنەوە [لە تورکیا] بیبەنە ماڵی خۆیان، دواتر لە رێگەی کەسانی دیکەوە گواستمانەوە بۆ عەنتاب و ئەمڕۆش پەڕاندمانەوە بۆ ئەمبەر. زۆر سوپاسی حکومەت دەکەین کە هاوکاریی کردین.”

تاوەکو ئێستا لە خێزانەکەی دیما، دایک و خوشکێک و دوو برای رزگار کراون. هێشتا باوک و دوو براکەی تری چارەنووسیان نادیارە.

کۆمێنت بۆ بابەتەکە بنووسە

ناونیشانی ئیمەیڵی تۆ بڵاو ناکرێتەوە. خانەکانى پێویست بە پڕ بکرێنەوە * نیشان دەدرێن.