كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆتایی هات، بەڵام هیچ بڕیارێك بۆ مووچەی مانگەكانی 7 و 8 و دواتر نەدرا، ئەوەش بەهۆی كۆتایی نەهاتنی كارەكانی لیژنە هاوبەشەكانی هەولێر و بەغدا سەرباری ئەوەی هەفتەیەك مۆڵەتیان بۆ دانرابوو.
ئەمڕۆ سێ شەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تیایدا 10 بڕیاری دەربارەی سێكتەرە جیاوازەكان دەركرد، بەڵام هیچ بڕیارێكی دەربارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەدا.
لە كۆبوونەوەی هەفتەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران بڕیاری خەرج كردنی مووچەی مانگی 6ی مووچەخۆرانی هەرێمی دا و دوای ڕەوانەكردنی 120 ملیار داهاتی ناوخۆی هەرێم پارەككە ڕەوانەی هەرێم كرا و لەمڕۆوە دەست بە دابەشكردنی كراوە.
هەر لە كۆبوونەوەی هەفتەی پێشوودا، سودانی “مۆڵەتی هەفتەیەكی” دیاری كرد بۆ هەردوو لیژنەی هاوبەشی هەولێر و بەغدا “لیژنەی نەوت و لیژنەی داهاتی ناوخۆ” تاكو ڕێككەوتنی كۆتایی ئامادەبكەن تاكو ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندی بكات و دواتر مووچەی مانگەكانی 7 و 8 و دواتر خەرج بكرێت، بەڵام ئەمڕۆ هەفتەكە تەواو بوو، هیچ ڕێكككەوتنێك واژۆ نەكراوە تاكو بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
بەپێی زانیارییەكان، ئەمڕۆ لیژنەی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا كۆبوونەوەی ئەنجام داوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن بەهۆی داواكاری كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێم، كە داوای گرنتی “قەرزەكانی پێشوو لەگەڵ تێچووی 16 دۆلاری بەرهەمهێنان” دەكەن و كۆبوونەوەكانیش بەردەوامن.
هەر بەپێی زانیارییەكان، ڕۆژی پێنج شەممە سەرباری پشوو، لیژنەی داهاتی ناوخۆی نێوان هەولێر و بەغدا كۆدەبنەوە و ئەگەر تا هەفتەی داهاتوو بگەنە ڕێككەوتن، دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.
لای خۆشیەوە، حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، سبەینێ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ئەنجام دەدرێت، كە تەوەرێكی تایبەت دەبێت بە پرسی نەوت و داهاتی ناوخۆ لەگەڵ شاندی دانووستانكاری هەرێم.
