هەوراز حوسێن ڕەسول – چالاکوان
لە سەرجەم سیستەمە کارگێڕییەکانی جیهاندا، باجدان لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەو مەبەستەیە کە دەوڵەت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا، ئاوی پاک، ڕێگاسازی و تەندروستییان بۆ دابین بکات. بەڵام لە واقیعی ڕۆژانەی عێراقدا، هاووڵاتی ناچار دەکرێت یەک فاتورە بە دوو ڕێگەی جیاواز بداتەوە؛ جارێک لە ڕێگەی بڕین و وەرگرتنی باج و ڕسوومە فەرمییەکانی دەوڵەت، و جارێکی تر لە ڕێگەی ئەو تێچووە شاراوەیەی کە بە گەندەڵی بەسەریدا دەسەپێنرێت.
کاتێک هاووڵاتی باجی ساڵانە دەدات، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی کارەبا ناچارە پارەی مۆلیدەی ئەهلی بدات، بۆ چارەسەر ناچارە بچێتە نەخۆشخانەی تایبەت، و بۆ ڕاپەڕاندنی مامەڵەیەکی ئاسایی کارگێڕیش ناچار دەکرێت پەنا بباتە بەر بەرتیل یان تەزکیەی حیزبی، دیاردەی حوکمڕانی لە ئەرکێکی ئەخلاقییەوە دەگۆڕێت بۆ بارێکی گرانی دارایی لەسەر شانی خەڵک.
لە کاتێکدا سیاسەتمەدارە بەرپرسەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەوانە بۆ نموونە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم لەسەر شاشەکان بە زمانێکی وشک و تیۆری باس لە دژایەتیکردنی گەندەڵی دەکەن وەک ئەوەی بابەتێکی ئەخلاقیی دوور بێت لە ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی عێراقی، لە کاتێکدا هاووڵاتیان لەسەر زەمینی واقيع بە دەست خزمەتگوزاری وێرانکراوەوە دەناڵێنێن.
کاتێک باج و عەمەلیاتی دارایی ناتوانن نزمترین ئاستی ژیانی شایستە بۆ هاووڵاتیان دابین بکەن، متمانەی خەڵک بەگشتی و بەتەواوەتی نامێنێت. چاکسازیی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێ دەکات کە باجی وەرگیراو بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لە پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا بەکاربهێنرێت؛ چونکە هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت بەردەوام بێت کاتێک هاووڵاتییەکانی ناچار ببن باجی بێتوانایی و گەندەڵی سیاسییەکان لە خەرجیی ڕۆژانە و داهاتووی منداڵەکانیان بدەن…!
