خوێندراوەتەوە: (15.0K)

سەلام قادر پیرۆت

باسکردن لە سەروەریی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی ئێستادا، پێویستی بەوەیە لەبری دووبارەکردنەوەی دروشمە ڕووکەشەکان، بڕوانینە شێوازی بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی دامەزراوەکانی ناوخۆ. کێشەی جەوهەری لەوەدا نییە کە سەروەری لە بنەڕەتدا سڕدراوەتەوە، بەڵکو لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە هێزە سیاسییە ناوخۆیییەکان ناتوانن لەسەر پرسە هەستیارەکانی وەک ئاسایش، ئابووری، کارگێڕی، و پەیوەندییە دەرەکییەکان بگەنە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش. هەرێمێک کە لە ناوخۆیدا توانای هەماهەنگیی هێز و بڕیارەکانی نەبێت، ناتوانێت لە دەرەوەدا داوای ماف و سەروەرییەکی مەزنتر بوبکات، چونکە لاوازیی ناوخۆیی هەمیشە گەورەترین دەرگا بۆ دەستوەردان دەکاتەوە.

دابەشبوونی بڕیاری ئابووری و سەربازی لە نێوان ناوەندە جیاوازەکاندا، دەوڵەتداری دەگۆڕێت بۆ پرۆسەیەکی لێکدابڕاو. کاتێک بەڕێوەبردنی داهات و هێزی چەکدار لە ژێر چەتری ستراتیژێکی یەکگرتوودا نەبێت، دامەزراوە ڕەسمییەکان توانای پاراستنی مافی هاووڵاتییانیان لەدەست دەدەن. لە هەناوی ئەم پەرتبوونە کارگێڕییەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کاتێک بگوترێت: “هەرێمی کوردستان دەتوانێت ساڵانە چەندین کۆنگرە لەسەر سەروەری و سەربەخۆیی ببەستێت، کەچی بۆ هەر بڕیارێکی ئابووری یان خزمەتگوزاری چاوەڕێی ڕێککەوتنی ناوخۆیی نێوان ناوەندە کێبڕکێکارەکانە!”

نەبوونی کۆدەنگیی نیشتمانی، پایەکانی متمانەی گشتی ڕووخێنێت و هاووڵاتی دەخاتە دۆخێکی نادڵنیاییی بەردەوامەوە. چاکسازیی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێ دەکات کە هێزە سیاسییەکان واز لە پشکپشکێنەی حیزبی بهێنن و دان بەو ڕاستییەدا بنێن کە بەڕێوەبردنی سەروەری پێش هەر شتێک پێویستی بە یەکخستنی ئیرادە و دامەزراوەکانی ناوخۆ هەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 50 Today: 3,023 📊 Click Here