سوپای پاسداران لە راگەیاندراوێكدا باس لە هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئاسمانی ئەمریکا دەکات، لە لایەکی دیکەوە فەرماندەیی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێت” هێرشی بەرگریان” ئەنجام داوە.
دوو شەممە، ١ حوزەیران ٢٠٢٦ لە راگەیاندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە “بنکەیەکی ئاسمانیمان کردووەتە ئامانج کە لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر تاوەرێکی پەیوەندی لە دوورگەی سیریک بەکارهاتووە ئەمەش بەدوای دەستدرێژییەکەی کاتژمێرێک پێشتری سوپای دەستدرێژکاری ئەمریکا” ئەنجام دراوە، بەڵام شوێنی ئەو بنکەیەی کە کراوەتە ئامانجی سپای پاسداران، دیاری نەکردووە.
لای خۆشیەوە سێنتکۆم رایگەیاندوە “هێرشی بەرگریمان دژی بنکە ڕادارەکان و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لە شاری گەروگ و دوورگەی قشم لە ڕۆژانی شەممە و یەک شەممە ئەنجامدا، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هەنگاوە دەستدرێژکارییەکانی ئێران، کە بریتی بوون لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێمکیو-١ـی ئەمریکی کە لە ئاسمانی ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا لە چالاکیدا بووە”.
ئەم بەیانییە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی کوەیت خەریکی بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکین.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان کە لە ماوەی رابردوودا ئەمریکا و ئێران یەکتریان بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کردووە.
جەنگی ئەمریکا و ئێران
جەنگی ئیسرائیل و ئێران
سێنتکۆم
سوپای پاسداران
