ئەندام کەیفی
شەمەندەفەرێکی پڕ لە زێڕ و سامان بە خێرایی بەناو شارێکی وێران و برسییدا تێدەپەڕێت، بەڵام لە هیچ وێستگەیەکدا بۆ دابەزاندنی نان و دەرمان ناوەستێت، بەڵکو تەنها بۆ بارکردنی تەواوی ماڵ و موڵکی هاوڵاتییان دەرگاکانی دەکاتەوە بۆ ئەوەی بیباتە گیرفانی شۆفێرەکانەوە! لێرەدا کێشەکە ئەوە نییە کە جووڵە وەستاوە، بەڵکو کارەساتەکە ئەوەیە کە تەنها ئامێری دزیکردن و تاڵانی بە باشترین شێوە کار دەکات، لەکاتێکدا ئامێرەکانی ژیان و خزمەتگوزاری بەتەواوی ژەنگیان هێناوە ! ئەمە ڕێک واقیعی عێراق و هەرێمی کوردستانە لەسەر دەستی میلیشیا چەکدارەکان و کابینەکەی مەسرور بارزانی؛ نیشتمانێک کە تێیدا تانکەرەکانی نەوت و بارهەڵگرەکانی قاچاخی سنوور بەبێ وەستان بەرەو دەرەوە دەڕۆن، بەڵام مووچە و قووتی خەڵک لە ژێر باری قەیرانی دروستکراودا زیندانی کراوە !
لەم جەنگەڵستانەدا، ئەوەی پێی دەوترێت دەوڵەت، لە ڕاستیدا تەنها کۆمپانیایەکی زەبەلاحی هێزە تاریکەکان و تاڵانچییەکانە. کاتێک بەغدا لەلایەن میلیشیا گەندەڵەکانەوە دەڕفێنرێت و لە هەرێمیش حوکمی خێزانی تەواوی دەروازە سنوورییەکانی قۆرخ کردووە، ئیتر دامەزراوەکان تەنها پەردەیەکن بۆ شاردنەوەی ئەم تاڵانییە گەورەیە. حکومەتی ئیفلیجکراو ناتوانێت مووچەی مانگانەی فەرمانبەرێک بدات، بەڵام زۆر بە باشی و بە وردبینییەکی سەرسوڕهێنەرەوە دەتوانێت داهاتی نەوتی دزراو و ئابووریی سێبەر ڕێکبخات و بیداتە دەست کۆمپانیاکانی حیزب. گەندەڵی لێرەدا هەڵەیەک نییە لەناو سیستەمەکەدا، بەڵکو گەندەڵی خودی سیستەمەکەیە!
ئیسایا بەرلین دەڵێت: “ئازادی بۆ گورگەکان، زۆرجار بە مانای مەرگ دێت بۆ مەڕەکان” ! ئەم حەقیقەتە ڕێک هاوشێوەی دۆخی ئۆلیگارشییەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتە لە دوای ڕووخانی دیواری بەرلین، کاتێک مافیاکان بە ناوی بازاڕی ئازادەوە تەواوی سامانی نەتەوەییان قۆرخ کرد و یاسایان تەنها بۆ پاراستنی کۆمپانیاکانی خۆیان بەکارهێنا، لەکاتێکدا گەل لە برسێتیدا دەیناڵاند ! ئەمڕۆ لە عێراق و کوردستانیشدا هەمان کارەسات دووبارە دەبێتەوە؛ گورگەکانی سیاسەت و میلیشیاکان، بە ناوی نیشتمانپەروەرییەوە ئازادیی تەواویان هەیە بۆ دزینی داهاتی نیشتمان و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ، بەڵام بۆ مامۆستایەک یان چالاکوانێک، داواکردنی مافی مووچە بە مەرگی مەدەنی، تیرۆری دەروونی، و پەڕاوی دروستکراو لە دادگاکانی کارتۆنیدا کۆتایی دێت !
لێرەدا، دامەزراوە گشتییەکان لە خزمەتگوزاریدا ئیفلیجن، بەڵام لە سەرکوتکردنی مەدەنیدا لەوپەڕی هێزدان. دەسەڵاتێک کە لە دابینکردنی کارەبا و ئاودا شکست دەهێنێت، بەڵام دەتوانێت بە خێرایی تیشک هێزی ئەمنی بجووڵێنێت بۆ بێدەنگکردنی دەنگی خنکێنراوی ڕۆژنامەنووسان، پێمان دەڵێت کە ئەوان وڵات بەڕێوە نابەن، بەڵکو تەنها کارگەیەکی تاڵانی بەڕێوە دەبەن. تانکەرەکانی نەوت کە بە سەلامەتی بەناو بازگەکاندا تێدەپەڕن، گاڵتەجاڕییەکی گەورەن بەو فەرمانبەرانەی کە دەبێت بۆ وەرگرتنی مافی خۆیان لەسەر شەقامەکان بپاڕێنەوە.
کاتی ئەوە هاتووە دەمامکی ئەم دەسەڵاتە مافیاییە دابدڕین و ئەو درۆیە ڕەت بکەینەوە کە گوایە چارەسەر لە دەستی ئەم تاڵانچییانەدایە. ئەم سیستەمە ترسنۆکە کە خۆی لە پشتی تفەنگی میلیشیاکان و حوکمی خێزانییەوە حەشار داوە، لە یەکگرتوویی و بێزاریی ئێوە زۆر زیاتر دەترسێت، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کاتێک گەلێک بڕیاری وەستاندنی ئەم تاڵانییە دەدات، لافاوی دادپەروەری هەم تانکەرەکانی نەوتی دزراو و هەم کۆشکەکانی ستەمکاری بۆ هەمیشە ڕادەماڵێت !
