عزیز حسێن عمر
قەڵایەکی مەزن بە ڕیزێک تۆپ و دەبابەوە دەورە دراوە، بەڵام لوولەی چەکەکانیان ڕوویان لە دوژمنی دەرەوە نییە، بەڵکو ئاراستەی سنگ و سەری ئەو دانیشتووانە کراوە کە لە ناوەوە دیلن. پاسەوانەکان ڕۆژانە باجی ناڕەوا لە خەڵک دەسەنن بە ناوی پاراستنیانەوە، بەڵام شەوانە خۆیان دەرگای ماڵەکان دەشکێنن و سەروەتی شارەکە دەدزن. ئەم هەرێمەی ئێمە چیتر قەوارەیەکی مەدەنی نییە کە خاوەنی دامەزراوە بێت؛ بەڵکو کۆمەڵێک تۆڕی چەکدارن کە جلی دەوڵەتیان پۆشیوە و بە زەبری هێز، ئابووری و ژیانی خەڵکیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە بارمتە گرتووە.
کاتێک کێشەیەک لەسەر داهاتی دەروازە سنورییەکان یان دابەشکردنی نەوتی دزراو دروست دەبێت، بڕیار لە دادگای کارتۆنییەوە دەرناچێت، بەڵکو لە ڕێگەی جووڵەپێکردنی چەکی حیزبی و هێزی تاریکییەوە یەکلا دەکرێتەوە. سیاسەت لێرەدا کۆتایی هاتووە و بووەتە درۆیەک بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان؛ ئەوەی هەیە تەنها ڕێککەوتنی نێوان چەند سەرکردەیەکی مافیایە بۆ بەشکردنی غەنیمەت و داهاتی میللەت. ئەو کۆمپانیا حزبییانەی کە قۆرخکاری بازاڕیان کردووە، بە هێزی یاسا نایپارێزن، بەڵکو بە هێزی ئەو میلیشیایانە دەیپارێزن کە ئامادەن بۆ پاراستنی ئابووری سێبەر و سامانی ونبوو، تەواوی شارێک خەڵتانی خوێن بکەن و سەرکوتکردنی مەدەنی ئەنجام بدەن.
“دەوڵەت ئەو قەوارەیەیە کە مۆنۆپۆڵی بەکارهێنانی ڕەوای هێزی جەستەیی هەیە” ئەمەش هەمان ئەو قەیرانە بوو کە لە کۆڵۆمبیای سەردەمی کارتیلەکانی مادین ڕووی دا، کاتێک مافیا چەکدارەکان ئەوەندە بەهێز بوون کە خودی دەوڵەتیان خستە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە و هێزی یاساییان بێبەها کرد. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، زۆر لە کارتیلەکان مەترسیدارترن؛ ئەوان پێویستیان بە کڕینی دەوڵەت نەبوو، چونکە خۆیان بە چەکەکانیانەوە چوونەتە ناو جومگەکانی دەوڵەت و تاڵانچییەکانیان کردووەتە پۆلیس و پارێزەری درۆیینی یاسا.
ئەی میللەتی گەمارۆدراو لەلایەن دەسەڵاتی بنەماڵەوە، کاتی ئەوە هاتووە واز لەو وەهمە بهێنین کە گوایە لە سایەی حکومەتێکدا دەژین کە ڕۆژێک لە ڕۆژان چاکسازی دەکات. قەوارەیەک کە مانەوەی لەسەر قفڵکردنی شەقام، لێپرسینەوەی نایاسایی، و تۆقاندنی دەروونی بونیاد نرابێت، قەوارەیەک نییە کە بتوانرێت بە بێدەنگی و سکاڵا ڕاست بکرێتەوە. دەبێت بزانین ئەوەی لە بەرامبەرمان وەستاوە، حکومەت نییە هەڵەی هەبێت، بەڵکو تۆڕێک لە بەرژەوەندی چەکدارە کە هەرگیز دەستبەرداری دەسەڵات نابێت تا ئەو کاتەی ئیرادەی گشتی بڕیاری دادگاییکردنیان نەدات.
