محمد قاسم
کاتژمێرێکى گەورە ناوەڕاستی شار کە میلەکانی بە مەبەست شکێنراون تا خەڵک نەزانێت چەندە کاتیان لێ دزراوە، لە کاتێکدا دانیشتووانەکەی لە ژووری چاوەڕوانیی مێژوودا گیرۆدە بوون؛ حوکمڕانیی هەرێمی کوردستانیش ڕێک بەمجۆرە کاتی ئەم میللەتە دەکوژێت. کاتێک ساڵانێک تێدەپەڕێت و نە پەرلەمانێک بوونی دەمێنێت و نە کابینەیەکی حکومەت پێکدەهێنرێت، ئەمە “قەیرانی پێکهێنان” یان چەقبەستوویی سیاسی نییە. ئەمە بەکارهێنانی “دواخستن”ە وەک میتۆدێکی ڕووت بۆ حوکمڕانی. ئەو باوکەی کە ساڵانێکە چاوەڕێی دامەزراندنی کوڕە دەرچووەکەیەتی، یان ئەو مامۆستایەی چاوەڕێی مووچەی مانگەکانی ڕابردوویەتی، دەبێت بزانن کە ئەم وەستانەی کات قەدەری خودا نییە، بەڵکو بڕیاری پارتی و یەکێتییە بۆ ئەوەی لە بۆشایی و بێیاساییدا، سامانی وڵات بێ لێپرسینەوە دابەش بکەن.
ئەم بۆشاییە سیاسییە، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ تاڵانچییەکان. لە غیابی پەرلەمان و لە نێوان حکومەتێکی کاربەڕێکەری بێدەسەڵاتدا، دەسەڵاتی بنەماڵە دەتوانێت بە ئاسانی نەوتی ئەم وڵاتە بفرۆشێت و داهاتی دەروازە سنوورییەکان بخاتە خزمەتی کۆمپانیا حزبییەکانەوە بێ ئەوەی یەک پرسیاری یاساییان لێ بکرێت. ئەم قەیرانە دروستکراوە تەنها بۆ شاردنەوەی ئابووری سێبەر و بەردەوامیی دزییەکانە. پەکخستنی حکومەت و پەرلەمان شکست نییە بۆ ئەوان؛ بەڵکو گەورەترین سەرکەوتنیانە، چونکە تا دامەزراوەکان بێکارتر بن، گیرفانی حیزب قەڵەوتر دەبێت.
(وەک چۆن ڕایمۆند ئارۆن، کۆمەڵناس و فەیلەسوفی فەڕەنسی دەڵێت: “کاتێک خەڵک حکومەتەکەی خۆیانیان خۆش ناوێت، دەبێت لە ڕێگەی دەنگدانەوە فڕێی بدەنە دەرەوە؛ ئەمەیە بنەمای دیموکراسی.”) — ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە لە وڵاتانی وەک ئەرجەنتین لە کاتی قەیرانە گەورەکەی ساڵی ٢٠٠١ ڕوویدا، کاتێک خەڵک دروشمی “با هەموویان بڕۆن” یان بەرزکردەوە و لە ڕێگەی شەقام و سندووقەکانی دەنگدانەوە، ئەو سیاسییانەیان سزادا کە وڵاتیان ئیفلیج کردبوو. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان، دەیانەوێت تەنانەت مانا لە دەنگدانیش بسەننەوە؛ کاتێک هەڵبژاردن دەکەن، دەرەنجامەکەی وەلادەنێن و بۆ ساڵانێک حکومەت دروست ناکەن، تا بە میللەت بڵێن “ئێوە دەنگ بدەن یان نا، ئێمە هەر خاوەنی ماڵین”.
لەم تەماشاگەرییە مەدەنییەدا، داواکردنی هەڵبژاردنەوەی نوێ چیتر نابێت تەنها پڕۆسەیەکی ڕۆتینی بێت، بەڵکو دەبێت ببێتە ئامرازێک بۆ سزادانی مێژوویی. ئەو دوو حیزبەی کە ناتوانن لە ماوەی چەندین ساڵدا یەک هۆڵی پەرلەمان بکەنەوە و یەک کابینەی حکومەت پێکبهێنن، مافی ئەوەیان نەماوە قسە بە ناوی نیشتمانەوە بکەن. ئەوان نیشتمانیان لە کار خستووە، بۆیە دەبێت گەل لە ڕێگەی سزادانێکی توندی سیاسییەوە ئەوان لە کار بخات.
