خوێندراوەتەوە: (4.5K)

محمد ئەمجد قادر

وەک دوو دز کە شەوانە پێکەوە ماڵێک تاڵان دەکەن، بەڵام کاتێک بەیانی پۆلیس لە دەرگایان دەدات، لەبری ئەوەی وەڵامی پۆلیسەکە بدەنەوە، دەست دەکەن بە شەڕکردن لەگەڵ یەکتر و هەریەکەیان ئەوی تر بە دزینی بەشە گەورەکەی تاڵانییەکە تۆمەتبار دەکات؛ پارتی و یەکێتی لە کەیسی دیارنەمانی چەکەکانی ئەمریکادا ڕێک بەمجۆرە ڕەفتار دەکەن. کاتێک سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا دەڵێت کە چەکمان بۆ پشتیوانیکردن ناردووە، بەڵام “کوردەکان چەکەکانیان بۆ خۆیان برد” ، ئەوەی دەبوو ڕووبدات، دەرکردنی ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی و ئابڕوومەندانە بوو لەلایەن “حکومەتی هەرێم”ەوە. بەڵام لەبری ئەوە، بینیمان کە حکومەت بێدەنگە، و لە تەنیشتەوە هەر دوو حیزبی دەسەڵاتدار یەکتر بە بردنی چەکەکان تۆمەتبار دەکەن. ئەمە ئیتر ئیدارەدانی قەیران نییە، ئەمە بەڵگەی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئێمە دەوڵەتمان نییە، بەڵکو دوو کۆمپانیای چەکدارمان هەیە کە کاتێک ئابڕوویان دەچێت، تەنها بیر لە داشکاندنی نرخی یەکتر دەکەنەوە.

ئەم بێدەنگییە فەرمییەی حکومەت لە ئاست تۆمەتێکی وا گەورەی نێودەوڵەتیدا، سەلمێنەری ئەوەیە کە دامەزراوەکانی هەرێم تەنها پەردەیەکن بۆ شاردنەوەی کردەوەکانی حیزب. کاتێک ئەمریکا دەپرسێت “چەکەکان لە کوێن؟”، بێدەنگیی حکومەت بەو مانایە دێت کە تەنانەت وەزیری پێشمەرگەش نازانێت ئەو چەکانە چوونەتە کام کۆگای حیزبی و بۆ کام مەرامی بازرگانی یان قاچاخچێتی بەکارهێنراون.

لە پشت هەر سامانێکی گەورەوە، تاوانێکی گەورە هەیە ئەمەش هەمان ئەو واقیعەیە کە لە ئەفغانستان ڕوویدا، کاتێک ئەمریکا بە ملیاران دۆلار چەکی دا بە سوپای ئەفغانی، بەڵام سەرکردە و فەرماندە گەندەڵەکان چەکەکانیان لە بازاڕە ڕەشەکاندا دەفرۆشت و کاتێکیش تاڵیبان نزیک بووەوە، سوپاکە وەک بەفر توایەوە چونکە تەنها لەسەر کاغەز بوونی هەبوو. بەڵام ئەم مافیا و کارتێلە سیاسییەی ئێمە، لە جەنەڕاڵە ئەفغانییەکانیش سەیرترن؛ ئەوان نەک تەنها چەک و سامانی نیشتمان بۆ مەرامی حیزبی قۆرخ دەکەن، بەڵکو کاتێک ئاشکراش دەبن، شەرم لە دونیا ناکەن و تەماشاگەرییەکی مەدەنی دروست دەکەن کە تێیدا هەرلایەک خۆی وەک فریشتە و لایەکەی تر وەک شەیتان وێنا دەکات.

ئەم منداڵە لوسکانەی سیاسەت، کاتێک دێتە سەر سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان، پڕچەکترین و یەکگرتووترین هێزن، بەڵام کاتێک دونیای دەرەوە لێپرسینەوەیان لێ دەکات، دەبنە قوربانیی دەستی یەکتر. ئەوان بەم کارەیان، نەک تەنها متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان دۆڕاندووە، بەڵکو ناوی “کورد”یان لە ناوەندە جیهانییەکاندا کردووەتە هاوواتای بێمتمانەیی و گەندەڵی. ئەو کاتەی پەرلەمان و دادگاکان لەکارخراون، ئەم دوو حیزبە دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان چەک، نەوت، و داهاتی وڵات ون بکەن، بێ ئەوەی یەک دامەزراوەی فەرمی هەبێت بڵێت “بۆ کوێتان برد؟”

ئەی پێشمەرگە دڵسۆزەکان و گەنجانی ئەم نیشتمانە، کە لە بەرەکانی پێشەوەدا بە چەکی کۆن و سکی برسییەوە بەرگریتان کرد، لە کاتێکدا سەرکردەکانتان چەکە پێشکەوتووەکانیان بۆ شەڕی ناوخۆ یان بازرگانی هەڵدەگرت؛ ئەم دەسەڵاتە لەو ڕۆژە دەترسێت کە ئێوە تێبگەن چۆن خوێنی ئێوەیان کردووەتە کاڵایەک بۆ دەوڵەمەندبوونی خۆیان. ئەگەر ئەوان لە ڕەوایی خۆیان دڵنیابوونایە، نەیاندەویست لەبری وەڵامدانەوەی ئەمریکا، پەنجەی تۆمەت بۆ یەکتر ڕابکێشن و وڵات بخەنە ناو ئەم زەلکاوە ئابڕووبەرانەیەوە. حکومەتێک کە نەتوانێت خاوەندارێتی لەو چەکانە بکات کە بەناوی گەلەکەیەوە وەریگرتووە، مافی ئەوەی نییە چیتر خۆی بە نوێنەری ئەو گەلە بزانێت  و تەنها بێداری و دەنگی ناڕەزایەتی ئێوەیە کە دەتوانێت چەکی شەرعیەت لە دەستی ئەم بازرگانانە دابماڵێت!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 59 Today: 1,947 📊 Click Here