ڕێبەر ئەنوەر عبدوڵا
لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کاتێک گوێت لە وشەکانی “چاکسازیی ڕیشەیی، گفتوگۆی نیشتمانی، یان پاراستنی یەکڕیزی” دەبێت، بزانە کە دەسەڵات خەریکی شاردنەوەی دابەشبوونێکی کوشندە یان دزینێکی گەورەیە! لێرە، پەرتەوازەیی و داڕمانی دەوڵەت بە ڕێکەوت دروست نابن و کێشەکانیش بە ڕێکەوتیش چارەسەر ناکرێن؛ بەڵکو “پارچەپارچەکردنی وڵات و دابەشکردنی بۆ زۆنی جیاواز” خۆی لە خۆیدا گەورەترین ستراتیژی و شێوازی حوکمڕانیی میلیشیاکان و پارتی و یەکێتییە. ئەوان فێربوون کە باشترین ڕێگە بۆ کوشتنی هەر مافێک یان هەر دەنگێکی ناڕازی، “پارچەکردنی نیشتمانە بە ناوی چاکسازییەوە”. بۆیە دەبینین هیچ شتێک لێرە یەکلا نابێتەوە، لە یەکخستنی هێزە چەکدارەکانەوە بگرە تا دەگاتە سەروەریی خاکی وڵات!
با سەیری قەیرانی پەرتەوازەیی دەوڵەت بکەین. بۆچی هەموو هەوڵێکی چاکسازی شکست دەهێنێت؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە عێراق و هەرێمی کوردستان توانای گۆڕانکارییان نییە؟ نەخێر، ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار لە نەوت و دەروازە سنوورییەکانەوە دەڕژێتە گیرفانی مافیاکانی دەسەڵات و وڵاتانی دراوسێ، بەڵام بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز لەبار دەبرێت چونکە “مانەوەی وڵات لەناو لاوازی و فرەچەکدارییەکی پەرتەوازەدا” باشترین چەکە بۆ ئەوەی هاوڵاتی تەنها بیر لە مانەوەی گیانی خۆی لەناو ململانێکاندا بکاتەوە، نەک بیر لە گۆڕانکاریی سیاسی یان لێپرسینەوە بێت.
هەمان سیاسەت بۆ دامەزراوەکانی حکومەت و سوپاش جێبەجێ دەکرێت. لە دوای هەر هەڵبژاردنێک، هێزە چەکدارەکان و حیزبەکانی وەک پارتی و یەکێتی ئەم چەقبەستووییە سیاسییە بەکاردهێنن نەک وەک شکستێک، بەڵکو وەک دەرفەتێک بۆ مانەوەی “دوو ئیدارەیی و دەوڵەتی شاراوە” و درێژەدان بە تاڵانکارییەکانیان بەبێ ئەوەی هیچ سەروەرییەکی نیشتمانی هەبێت لێپرسینەوەیان لێ بکات. کاتێک تۆ وڵاتەکەت کردووەتە پشکی کۆمپانیا حیزبی و میلیشیاییەکان، بۆچی پەلە بکەیت لە یەکخستنەوەی؟ ئەوان قەیرانەکان دروست دەکەن، دەوڵەت لاواز دەکەن، و پاشان دروشمی چاکسازی وەک کاڵایەکی سیاسی بەسەر میللەتی برسی دەفرۆشنەوە.
تەنانەت کاتێک باس لە “چاکسازی” دەکرێت، ئەم دەسەڵاتە لێژنەی ڕووکەش و پڕۆژەی کاغەزی پێکدەهێنێت تەنها بۆ ئەوەی ڕاستییەکانی داڕمانی دەوڵەت لەناو کاتدا بزر بکات. کێشەی نەوتی هەرێم، دەروازە سنوورییە قاچاخەکانی باشوور، و کێشەی بودجە و مووچە بە مەبەست بە هەڵپەسێردراوی دەهێڵرێنەوە، تا خەڵک بێهیوا ببێت و قبوڵی هەر چارەسەرێکی کاتی و سەقەت بکات کە تەنها تەمەنی ستەمکاران درێژ دەکاتەوە.
پێموایە کە “هەر دەسەڵاتێک بەرژەوەندیی تایبەتی بخاتە سەرووی بەرژەوەندیی گشتییەوە، ئەوە کۆتایی بە دەوڵەت هێناوە.” ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بە زەبری “چاکسازیی درۆینە و پەرتەوازەیی” دەیانەوێت ڕاستییەکان بشارنەوە، کەرامەتی خەڵک بشکێنن، و وڵاتەکە لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکەشی ئەجێندای دەرەکی بکەن.
