خوێندراوەتەوە: (647)

ڕاستگۆ محمد سەعید

قەزای دووزخورماتوو، کە بە یەکێک لە هەستیارترین ناوچە جێناکۆکەکانی عێراق دادەنرێت، ساڵانێکە بووەتە مەیدانی تاقیکردنەوەی خوێناوی بۆ دەسەڵاتی میلیشیاکان و پاکتاوی نەتەوەیی. ئەم شارە کە تابلۆیەکی فرەپێکهاتەی هەیە لە کورد، تورکمان و عەرەب، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتیی حەشدی شەعبی و هێزە فیدراڵییەکان. لەو ڕۆژەوە، ئاسایشی مەدەنی لەو شارەدا بووەتە یادگارییەکی لەبیرکراو، و خەڵکەکەی لە نێوان دوو بەرداشی نائارامی و نەبوونی لێپرسینەوەدا دەهاڕڕێن.

ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش ڕاپۆرتەکانی لێبوردنی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکەن کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی (بەتایبەت باڵە تورکمانییەکانی وەک ڕێکخراوی بەدر) لە خورماتوو هەستاون بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک تاوانی نامرۆڤانەی سیستماتیک دژی کورد و سووننە. سەدان ماڵ و دوکانی هاوڵاتییانی کورد تاڵان کران و سووتێنران یان تەقێنرانەوە ، و دەیان هاوڵاتی بێسەروشوێن کران تەنها لەبەر ئەوەی سەر بە پێکهاتەیەکی تر بوون. ئەوەی دۆخەکەی گەیاندووەتە ئاستی کارەسات، “نەبوونی تەواوەتیی لێپرسینەوە”یە؛ دادگاکان و سوپای عێراق لە ئاست ئەم تاوانانەدا تەواو بێدەنگن و ناتوانن تەنانەت یەک چەکداریش دەستگیر بکەن، چونکە چەکدارەکان خۆیان دەسەڵاتداری ڕەهان لە شارەکەدا. بەمەش، پاراستنی مافەکان بووەتە شتێکی لاگیرانە؛ ئەگەر تۆ نزیک بیت لە حەشدەوە دەتپارێزن، ئەگەر نا، دەکرێیتە ئامانجی هەڕەشە و تۆقاندن.

لەولاشەوە، لاوازی و بێباکی دەسەڵاتی کوردی (پارتی و یەکێتی) لە ئاست دۆخی خورماتوودا شەرمەزارییەکی گەورەیە. ئەوان دوای ئەوەی بەهۆی ململانێ و ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکانیانەوە شارەکەیان ڕادەستی حەشدی شەعبی کرد، ئێستاش ناتوانن بەرگری لە کەرامەتی ئەو هەزاران خێزانە کوردە بکەن کە ئاوارە بوون یان لەژێر هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانیاندان. سیاسییەکانی کورد لە بەغدا سەرقاڵی دابەشکردنی پۆست و قازانجی کۆمپانیاکانیانن، لە کاتێکدا لە خورماتوو گەنجی کورد ناتوانێت بە ئازادی بە شەقامدا بڕوات یان پۆستێکی کارگێڕی وەربگرێت.

ئیبن خەلدون زۆر ڕاستی فەرمووە کە دەڵێت: “کاتێک نادادپەروەری و ستەم لە شوێنێکدا دەبێتە یاسا، ئەوا ئاوەدانی و شارستانیەت لەو شوێنەدا دەڕووخێت.” ئەمڕۆ خورماتوو ڕێک ئەو شارە وێرانەیەیە کە نادادپەروەریی میلیشیاکان بووەتە یاسای حوکمڕانی تێیدا، و ئاوەدانی و پێکەوەژیانی لێ هەڵگرتووە.

ئەو ڕۆژە خورماتوو نێژرا، کە بەرپرسیارێتیی پاراستنی خەڵک درایە دەست ئەو هێزانەی کە خۆیان خاوەنی چەقۆکەن. تا ئەو کاتەی دەوڵەتی عێراق نەتوانێت لێپرسینەوە لە چەکدارەکان بکات، و تا سەرکردەکانی کوردیش خەمی گیرفانیان پێش خەمی خاکی جێناکۆک بخەن، خورماتوو تەنها شارێک دەبێت بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی خوێن و ستەمکاری!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 33 Today: 97 📊 Click Here