خوێندراوەتەوە: (0)

بەڵێن سەلیم محمد

ئەگەر لە دونیادا وڵاتێک هەبێت کە تێیدا نەوت لەبری ئەوەی نیعمەت بێت بووبێتە نەفرەتێکی کوشندە بۆ دانیشتووانەکەی، ئەوا بێگومان عێراق و هەرێمی کوردستانن. دۆسیەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا چیتر پەیوەندیی بە دەستوور یان خزمەتکردنی هاوڵاتییانەوە نەماوە، بەڵکو بووەتە چەکێکی مەترسیدار و گەمەیەکی مافیایی کە تێیدا دەسەڵاتدارانی هەردوولا، لەسەر حیسابی برسییکردنی خەڵک و وێرانکردنی ئابووری، ململانێی یەکتر دەکەن. لە نوێترین پێشهاتیشدا کە لە مانگی ئاداری ٢٠٢٦دا ڕوویدا، دەسەڵاتدارانی کورد بە ئاشکرا ڕەتیان کردەوە ڕێگە بدەن نەوتی عێراق بە ناو بۆرییەکانی هەرێمدا بڕوات بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، تەنها لەبەر ئەوەی بەغدا مەرجە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەوانی قبوڵ نەکردووە !

دوای ئەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ زیاتر لە دوو ساڵ ڕاگیرا، حکومەتی عێراق کە ئێستا بەهۆی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داخستنی گەرووی هورمزەوە پێویستییەکی زۆری بە ڕێڕەوی جێگرەوە هەیە، بە فەرمی داوای لە هەرێم کرد کە ڕێگە بدات ڕۆژانە لانیکەم ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمەوە بۆ تورکیا هەناردە بکات و کرێی گواستنەوەکەش بدات. بەڵام وەڵامی هەولێر چی بوو؟ بەرپرسانی کورد بە توندی ئەو داوایەیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند کە هیچ دڵۆپە نەوتێکی عێراق بەناو بۆرییەکانیاندا ناڕوات ئەگەر بەغدا نەچێتە ژێر باری “ڕێککەوتنێکی مەرجدار”ەوە، واتە دەبێت عێراق تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێم و پارەی کۆمپانیاکانی نەوت مسۆگەر بکات پێش ئەوەی هیچ نەوتێک بڕوات. ئەمەش ڕێک بەو واتایە دێت کە بۆریی نەوت کە دەبوو ژێرخانێکی نیشتمانی بێت، ئێستا بووەتە ئامرازێکی ڕەشەکوژی (Blackmail) لە نێوان دوو دەسەڵاتی دز و ناشەفافدا کە متمانەیان بە یەکتر نییە.

کارەساتە گەورەکە لێرەدایە: لە کاتێکدا هەولێر و بەغدا خەریکی ئەم یارییە پڕ لە غرور و عینادییەن، بازاڕەکانی کوردستان وێران بوون، مووچەی فەرمانبەران بە مانگ دابەش ناکرێت، و هەزاران خێزان نازانن چۆن بژێویی خۆیان پەیدا بکەن. لەلایەکی تریشەوە، تورکیا کە دەزانێت هەردوولا چەندە لاواز و دابەشبوون، بڕیاری داوە ڕێککەوتننامەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا کە لە تەممووزی ٢٠٢٦ کۆتایی دێت، هەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی مەرجی قورستر بەسەر عێراقدا بسەپێنێت و داوای قەرەبوو لێخۆشبوون بکات. واتە دەسەڵاتدارانی هەولێر و بەغدا نەک تەنها خۆیان یەکتر دەخۆن، بەڵکو بوونەتە گاڵتەجاڕی وڵاتانی دراوسێ کە بە ئارەزووی خۆیان یاری بە چارەنووس و سامانی ئەم وڵاتە دەکەن.

لەم وڵاتەدا، کاتێک نەوت دەفرۆشرێت داهاتەکەی بۆ کۆمپانیا سێبەرەکان و حیزبەکانە، و کاتێکیش دەوەستێت، باجەکەی بۆ میللەتێکی برسی و بێمووچەیە. ئایا ئەمە حوکمڕانییە یان چەتەگەرییەکی نێودەوڵەتی؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 45 Today: 120 📊 Click Here