هێمن غەریب ڕەحمان
پلانی قڕکردنی کورد لە جێبەجێکردندایە و میدیای کوردیش بێئاگایە لێی..
هەموومان ئەزانین لە چەند هەفتەی رابردوودا بەناو سوپای عەرەبیی سوریا ( کۆنە داعشەکان ) هێرشی بۆسەر هەسەدە و بەدیاریکراوی رۆژاڤا و کورد دەستپێکردووە، بەس بەڕاست چەند کەسمان ئاگادارین کە لە رۆژئاوا چی روودەدات؟
بەوپێیەی خۆمان لەوێ نین، تاکە سەرچاوەی وەرگرتنی زانیاریمان کە پشتی پێ دەبەستین میدیایە، وەک ئاشکراشە کەناڵە عەرەبییەکان( بەتایبەت جەزیرە و حەدەس و عەرەبییە و ..هتد)
بە چی ستراتیژ و ئاڕاستەیەک کاردەکەن! ( بۆیان بکرێت بە ئاشکرا خوێنی هەموو کورد حەڵاڵ دەکەن! ئێ لەبەرامبەردا ناچارین بۆ ئەوەی بزانین چی روودەدات لە رۆژاڤا، سەیری میدیای کوردی بکەین!
لە سەرەتای درووستبوونی ئەو دۆخە سەختەوە لە رۆژاڤا، بەردەوام چاوێکم لەسەر میدیای کوردی بووە، بەڵام بەداخەوە، تا ئێستاش روون نییە لام کە لە رۆژاڤا بەتەواوەتی چی روودەدات! تا ئێستا دیار نییە میدیای کوردی بە چی ئاڕاستەیەک کار دەکات و پەیامەکەی رووی لەکوێیە! ئەوەندەی من تێبینیم کردووە، بەرهەمەکانی میدیای کوردی تەنها بۆ ناوخۆن و لۆکاڵین! تەنیا لەچوارچێوەی جوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵکی هەرێمی کوردستانن، ئێ ئاخر بۆ خاتری خوا چۆن ئەبێ تۆ مانگانە ملیۆنان دۆلارت تیا خەرجبکرێت و پەیامێکت بۆ دوژمنی گەلەکەت پێ نەبێ!
میللەتی خۆمان پێویستی بە هیچ میدیایەک نییە بەرچاوڕوونی بداتێ و ئاڕاستەی بکات، خۆمان دێینە سەر شەقام، هەڵوێست وەردەگرین، هاوکاریی بۆ خەڵکی رۆژاڤا کۆدەکەینەوە، بێ ئەوەی میدیا هیچ رۆڵێکی هەبووبێت دەیان کەس خۆیان گەیاندووەتە رۆژاڤا تا بە چەک بەرگریی بکەن!
ئەی میدیا ئەرکی چییە و لەکوێیە؟
میدیامان هەیە نەک پەیامنێرێک، چەند پەیامنێرێکی لە رۆژاڤا هەیە، تێچووی مانگانەی میدیاکان ملیۆنان دۆلارە لەسەر حسابی میللەت، کەچی تا ئێستا نەمانبینی یەکێک لەو سەدان چیرۆکە تراژیدییەی لە رۆژاڤا روویانداوە بکەنە راپۆرتێک و باسی بکەن! ناکرێت تۆ بە گۆڕینی زمانی بەرنامەیەکت بەنیازبی پەیامەکەت بنێریتە دەرەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، چەندین رێگەی دیکە هەن کە پەیامەکەت ببەیتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان! دەتەوێ بەرپرسی وڵاتانی دەرەوە پەیامەکەت ببینن؟ دەتوانی ئەو ڤیدیۆ و راپۆرتانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوی دەکەیتەوە ژێرنووسی ئینگلیزی بۆ بکەیت. دەتەوێ سۆزی خەڵکی ناوچەکە بۆ خۆت رابکێشیت؟ بە زمانی عەرەبی بەرهەمەکانت ژێرنووس بکە! چونکە گۆڕینی زمانەکەت لە کەمکردنەوەیەتی!
تەنانەت ناتوانی دوو میدیا بدۆزیتەوە وەک یەک مامەڵە لەگەڵ پرسە نیشتمانییەکان و پرسێکی لەمشێوەیە بکەن؛ ئێ ئاخر ئایدۆلۆژیاش بووەتە رێگر لە یەکخستنی دەنگە نیشتمانییەکان، خۆ سەیرێکی دراوسێکانمان بکەین، هەموو عەرەب سەرباری ناکۆکییە قوڵەکانیان، هەر ئیسرائیل بە داگیرکەر و ئیحتیلال دەزانن، ئێ دەی ئەوە ئێمەین هێشتاش پێمانوایە ئەوەیە ئەوەی بەسەر رۆژئاوا هاتووە بەشێکی خەتا و ئۆباڵی لە ئەستۆی بەشێکی دیکەی کوردستانە، ئەوە ئێمەین هێشتا ناکۆکین لەسەر ئەوەی ئەوانەی بوونەتە قوربانی شەهیدن یان نا!
ئەو هەموو گۆڕانکارییە لە ناوچەکەدا روودەدات، سەرکردەی لایەنە جیاوازییەکان هۆشداریی دەدەن، کەچی تا ئێستا خەڵکی ئێمە نازانێت لە رۆژاڤا چی روودەدات و بۆچی وا لە کورد دەکرێت! ئەم هەموو میدیایە ناتوانن روونی بکەنەوە!؟
نازانن یان ناتانەوێت بە خەڵک بڵێن چی روودەدات!؟
ئێ ئەمە کەلێن و کارەساتە لە میدیای کوردیدا!!
