شاهۆز سدیق
بنەمای پێشکەوتن و هێزی هەر نەتەوەو گەلێک بوونی هێزێکی نیشتیمانییە کە ئینتیماو وەلائی تەنها بۆ خاک و گەلەکەی هەبێت، نەک وەلائی بۆ حیزب و شەخس و بنەماڵە سیاسیەکان هەبێت، هەرکاتێک هێزە بەرگریکارەکانی دەوڵەت ئینتیمایان بۆ خاک و گەلەکەیان لەدەستداو تەنها بۆ حیزب و سەرکردە حیزبیەکان تێکۆشانیان کرد ئەوکاتە دەوڵەت هێزی نیشتیمانی لەدەستدەدات و هێزەکان دەبنە هێزی میلیشیایی و لەیاسا دەرچوو.
دوای ٣٤ ساڵ لەمێژووی حوکمڕانی کوردی و دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی و ئابوری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هێشتا نەتوانراوە سوپایەکی یەکگرتووی نیشتیمانی درووست بکەن، هێزێکیان بنیاتناوە جگە لە حیزب وەلائی تەنها بۆ بەرپرسان و کوڕی سەرۆک حیزب و فەرماندە سەربازییەکان هەیە، لەبری ئەوەی فەرمانی سەربازی لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و وەزیری پێشمەرگەو سوپا سالار وەربگرن، فەرمان لە حیزب و بەرپرسانی حیزبی وەردەگرن.
بەنیشتیمانی نەکردنی هێزی پێشمەرگەو کردنیان بەهێزی حیزبی لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە، پرسیاری لای کۆمەڵگەی نێودەڵەتی و ئەمریکا دروستکردووە، لەلایەک مەترسی لەسەر هاوکاری هاوپەیمانان درووست بووە بەوەی چیتر نایانەوێت یارمەتی هێزی حیزبی بدەن، لەلایەکی تریشەوە نیشانەی پرسیار لەسەر ئەو هێزانەیە کە لەململانێی سیاسیدا لایەنگری پارتی و یەکێتی دەکەن و سەرکوتی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و چالاکییە مەدەنییەکانی هاوڵاتیان دەکەن.
لە ٢٠٢٥/٠٩/١٦ جارێکی دیکە شاندێکی دیبلۆماسی و سەربازی هاوپەیمانان و ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسی چەند دامەزراوەیەکی پەیوەندیداری هەرێمی کوردستان کۆبونەوە بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە و دروستکردنی هێزێکی یەکگرتوو بە بەشداری هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.
لە ئێستادا پارتی و یەکێتی خاوەنی یەکەی حەفتا و هەشتان، بڕیارە لەچوارچێوەی خرانە سەر وەزارەتی پێشمەرگە ناوەکانیان بگۆڕێت بۆ سەرکردایەتی دەڤەری یەک و دەڤەری دوو، کە دەڤەری یەک پارتی دیموکراتی کوردستان سەرپەرشتی دەکات و دەڤەری دووش یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.
یەکێتی و پارتی زیاتر لە (١٢٠) هەزار پێشمەرگەی چەکداریان هەیە و هێشتا ژمارەیەکی زۆر لەو هێزانە نەخراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و بە نیشتیمانی نەکراون، ماوەی دوو ساڵە لەژێر فشاری ئەمریکاو هاوپەیمانان دەیانەوێت هێزەکانیان بخەنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام هەنگاوەکانیان بە سستی بەڕێوەدەچێت، تاوەکو ئێستاش هەر خەریکی ڕێکارەکانن.
