با پشوو درێژ بین!

Byنوسەر

کانونی یەکەم 21, 2025
خوێندراوەتەوە: (1.5K)

محمد ئیبراهیم

زۆر باوە خەڵکانێک دەبینین بوێر ، جواننووس ، ئازا دێنە پێشەوە شەڕی دابینکردنی مافەکان دەکەن، بەڵام لەپڕێک خۆیان لە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی سەر بەدەسەڵات دەبینەوە ، تا ئێرەش با بەئاسای وەریگرین ، بەڵام ئەوەی نائاساییە سەد و هەشتا پلە پشت لە قسە و هەڵوێستەکانی ڕابردوویان دەکەن و تەنانەت پێ لەجەرگی ووشە ناسک و هەڵوێستە بوێرەکانی ڕابردووشیان دەنێن ، زیاتر دەڕۆن دەبنە قەسابێک گۆشتاو گۆشت خۆیان دەکوژن

هەڵبەتە هۆکارەکانی ئابووری بەدەرەجە یەک و کۆمەڵایەتی و سیاسیش لە لایەکی تر و پشوو کورتی تاک و کۆمەڵگا و نەبوونی هیچ هەماهەنگیەکی کۆمەڵاتی خەڵکە ناڕازیەکە هۆکار گەلی دین کە بەرۆکی ئێمەی گرتووە

بەداخەوە خەڵکانێکی تریش تەنها لە نائومێدبوونی کۆمەڵگا و دۆخەکەدا بەبیانووی جۆراوجۆری وەک ئەم کۆمەڵگاییە تێناگات یان ئەم کۆمەڵگاییە شایەنی ئەوە نیە خۆتی بۆ ئەزێت دەی ئا بەم شێوەییە خۆیان لە بەرپرسیاری دەدزنەوە چونکە هەر لە سەرەتاوە بەنیەتی بەرژەوەندی کەسیەوە دەستیان پێکردووە

بەنسبەت خۆمەوە پێم ئاساییە و بەئاسایی دەیبینم کە پارتی و یەکێتی سی ساڵی تریش حکومڕانیمان بکەن، بەڵام بەمەرجێک ئێمە بەپشوو درێژیمان بەشێنەیی کۆمەڵە کارێکی جدیمان کردبێ کە بتوانین لەماوەی سی ساڵی تری حوکمڕانی هەردوو حیزبەوە ئەگەر پایەکانی دەسەڵاتداریان پێنج پایە بێ لانی کەم بتوانین پایەیەک لە پایەکانیان بەلاوە بنێین و پایەکی تریشیان درزمان تێکردبێ ئەوە کاتە پێم واییە ئۆتۆماتیکی باقی پایەکانی تری دەسەڵاتدارێتیان وەک پوولی دۆمینە دەکەون

ئەوەشمان لەبیر نەچێ کۆمەڵگا بەپشوو درێژی و کاری جدی زۆرجار موعجیزە(پەرجو) دەخولقێنێ وا دەکات پڕۆسەی گۆڕانکاریەکە خێراتر بکات ، بەداخەوە گرفتە گەورەکە ئەوەییە چینی نوخبە( ڕۆشنبیرە)کانیش لە گێژاوی ئەم خۆ دزینەوەو پشوو کورتیەدان ، هەندێکیان ئەوەندە غرووری فکری و مەعریفەیان هەییە بینیومانە دەڵێن: شتێک نەماوەتەوە بۆ ووتن یان دەڵێن: زۆرم هاوار کرد کەس گوێی نەگرت یان لە ئەگەری هەر قەیران و پێشهاتێک زۆر لەخۆبایانە دەڵێن: نەم ووت!

بەپێچەوانەوە نوخبە دەبێ فێری ئەوەمان بکات گۆڕانکاری لە کۆنەستی کۆمەڵگایەک کە لەسەر شکست دامەزراوە و دواتر گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدارێتی زۆر زۆر زەحمەتە بەپشوو کورتی ، ئەوەی زامنی دابینکردنی داهاتوویەکی باشمان بۆ دەکات پشوو درێژیمانە لەگەڵ ڕەخنەو هەڵوێستەکانمان چونکە ئێمە تازە لەوە تێگەیشتووین کە سروشتی ململانێی ناو شارستانیەت پرۆسەیەکی درێژ خایەنە و نەوەک ساڵێک و دووان و سێیان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 30 Today: 87 📊 Click Here