سیستمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری بەشی تیۆری کە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم پەسەندی کردووە، بەشێوەیەکی فەرمی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ئیدارەی گەرمیان، بەشی مۆڵەت کەوتەکار.
ئەمڕۆ دووشەممە ٧ـی تەمموزی ٢٠٢٥، سامان عەلی، وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان وت، بەیانی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری هاتووچۆی ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری بەشی مۆڵەتی شۆفێری، تاقیکردنەوەکانی تیۆری بۆ مۆڵەتی شۆفێری لە هۆڵی نوێی تاقیکردنەوەی تیۆری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ئیدارەی گەرمیان کرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە یەکەم وەجبەی ئەمڕۆدا ٤٧ کەس بەشداربوون و ١١ کەسیان لە تاقیکردنەوەکەدا دەرچوون، بۆ لەمەودواش بەردەوام بەو سیستمە نوێیە کار دەکەن و تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام دەدەن.
زانیاری تایبەت بۆ فێرخوازان لە کاتی تاقیکردنەوەکان کە گرنگە فێرخواز لێیان بە ئاگابێت و پێیانەوە پابەند بێت:
١- کۆی پرسیارەکان ٢٥ پرسیارە، مەرجە لە ٢٠ پرسیار دەربچێت، واتە فێرخواز ئەگەر تەنها پێنج وەڵامی هەڵە بێت بە دەرچوو هەژمار دەکرێت.
٢- ماوەی وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێک (یەک خولەکە) لە سەر کۆمپیوتەری بەردەست.
٣- فێرخواز لە رۆژێکدا مافی هەیە تەنها یەک جار تاقیکردنەوە ئەنجام بدات.
٤- ئەنجامی (دەرچوون و دەرنەچوونی) فێرخواز راستەوخۆ دوای تەواو کردنی تاقیکردنەوەکەی لە سەر شاشەی کۆمپیوتەری بەردەستی نیشان دەدرێت، و فێرخواز راستەوخۆ دوای وەرگرتنی ئەنجام و دەرچوونی دەتوانێت پەیوەندی بە نوسینگەکەیەوە بکات و ئاگاداریان بکاتەوە.
٥- فێرخوازان گرنگه پێداویستیەکانی وەکو ( باجی نوسینگە، کارتی نیشتیمانی رەسەن )ی پێبێت.
٦- جیاوازی ئەم سیستمە ئەوەیە کە هەر کۆمپیوتەرێک لە هۆڵی تاقیکردنەوەکە پرسیارەکانی جیاوازترە لە کۆمپیوتەری تەنیشتی و پێش و دواوەی جێگەی فێرخوازەکە، ئەمەش بە مانای ئەوەیە بوار بۆ هیچ جۆرە گزییەک نامێنێتەوە.
۷- گرنگە فێرخواز خۆی بەدوور بگرێت لە هەر جوڵە، قسە، یاخود ئاماژە یان هەرجۆرە کردارێکی نەشیاو لە ناو هۆڵەکە بەگشتی و بەرامبەر ئەفسەر و کارمەندی ناو هۆڵەکە یان لەگەڵ فێرخوازانی تر، سزا دەدرێت بە پێی ڕێنمایی بە (راگرتنی) سەرجەم کارەکانی بۆ ماوەی شەش مانگ .
