عامر ئەلفایز، بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمانی عێراق، وادەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند” دوای ٩ی ١ بەڕێوەدەچێت”.
ئەمڕۆ سێشەممە (٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥)، عامر ئەلفایز، بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند” تا ئێستا دانیشتنی پەرلەمان دیاری نەکراوە و من سەرۆکایەتی دەکەم”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام چاوەڕێی پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامەکان دەکەین لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە بۆ ئەوەی ئەندامانی نوێی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکی ئێستاوە بانگهێشت بکرێن بۆ ئەوەی لەماوەی ١٥ ڕۆژدا لە بەرواری پشتڕاستکردنەوەیەوە یەکەم دانیشتنی خۆیان ئەنجامبدەن.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی” ڕێککەوتنەکە ئەوە دەبێت کە یەکەم دانیشتن لە دوای ٩ی ١ ئەنجام بدرێت، ئێمەش وادەی فەرمی دانیشتنەکە لەو کاتەدا ڕادەگەیەنین”.
ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان ڕەوانەی دادگای فیدراڵی کردووە بۆ ئەوەی پشتڕاست بکرێتەوە.
جومانە غەلی، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی” ئەمڕۆ کۆمسیۆن سەرجەم ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنەکانی ڕەوانەی دادگای فیدراڵی کرد بۆ ئەوەی پشتڕاستی بکرێتەوە”.
١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لە ١٢ مانگدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاندراو (١٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٥) ئەنجامی کۆتایی لە لایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکرایەوە، دوای یەکلاکردنەوەی تانەکان، ئەنجامی کۆتایی دەنێردرێت بۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و یەکەم ڕۆژی کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق لە لایەن دادگاکەوە دیاری دەکرێت، کە یەکەم دانیشتن لە لایەن نوری مالیکیەوە بەڕێوەدەچێت، وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتار.
پەرلەمانی عێراق
سەرۆک وەزیرانی عێراق
هەڵبژاردن
