لقی دووی پارتی وەڵامی مەڵبەندی سێی یەکێتی دایەوە و دەڵێت ” بەرد مەگرنە ماڵی كەس، چونكە ماڵتان لە شووشەیە، مەڵبەندی یەکێتی دەبێت ئەوەی لەبیر بێت کاتێک بە بڕیاری سەرۆکی حزبەکەی دەبابە و کۆپتەر و چەکی قوڕس لە شەقامەکانی شاری ئازیزی سلێمانی خرانە بەرژەوەندیی کەسی و یەکلاییکردنەوەی هەژموونی دوو ئامۆزا ئەوەشیان ئازادی بوو؟”.
دوو شەممە، ١ کانوونی دووەم ٢٠٢٥، لقی دووی پارتی لە ڕاگەیاندراوێکدا وەڵامی ڕاگەیاندراوەکەی ئەمڕۆی مەڵبەندی سێی یەکێتی لە هەولێر دایەوە، لەسەر ڕوداوەکانی سێ ڕۆژی ڕوداوی لاجان و ڕایگەیاندراوە “ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕووی دا لە هێرشکردنە سەر کێلگەی کۆرمۆر کە بووە وەستانی کارەبا بۆ چەند ڕۆژێک و پاشان پەلاماردانی پاڵاوگەی لاناز، هەوڵێکی دوژمنکارانەیە لۆ لێدان لە ژێرخانی ئابووریی کوردستان و بەئامانجگرتنی بۆ ئەوەی ببێتە فشار لە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و زیان بە خەڵکی کوردستان و دامەزراوەکان بگەیەنن لە پێناوی تاکە ئافەرینێکی هاوئاواز و هاوپەیمانەکانیان کە ئامانجیان نەمانی کوردستان و تێکدانی سەقامگیرییەکەیەتی”.
لقی دووی پارتی ئەوەشی وتوە “ئەی کاتێک گەنجانی خێرلەخۆنەدیوی حزبەکەی خۆیان خەڵتانی خوێن کرد و قەتل و عامیان لە لالەزار بەرپا کرد ئەوکات ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ بوو؟! ئەی ئێستا کە سێ سەرۆکی حزبی ئۆپۆزیسیۆنتان لە زیندانەکانی سلێمانی ئاخنیوە، ئەوەیان ناوی چی لێ دەنێن؟! ئەی ئەو فیتنە و ئاژاوەگێڕییەی کەناڵەکانتان دەیکەن بۆ نەمانی کارەبا و تەقاندنەوەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری هەرێمەکەمان چ مانایەکی هەیە ئەو دڵخۆشیەتان لەپای چی؟”.
“واباشترە ئیتر مەڵبەندی یەکێتی و کەناڵ و سێبەر و دەست و پێوەندەکانیان بێدەنگ بن و دڵنیابن ئەو فیتنە و ئاژاوەگێڕییەی هەردوو برا سەرکردەکانتان دەیکەن جگە لە نەمانی متمانە لای خەڵکی کوردستان هیچ سوودێکی تری نییە و مێژوو شاهێدە و چەند ڕۆژێکە ئەنجامی هەڵبژاردنتان بینیوە و خەڵکی کوردستان هۆشیارە”. لقی دووی پارتی پارت وا دەڵێت.
ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی ئەمڕۆ مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی لەسەر ڕوداوەکانی گوندی لاجان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو ” ململانێ و هێز کۆکردنەوە لە نێوان گوندێك و باڵێکی دەست ڕۆیشتوویی کوردستان بە هێزەکانیەوە ڕووبەربوونەتەوە. یەکەمجارە لە مێژوویی شەڕ و پێکدادان و ململانێی لەم جۆرە ڕوودەدات.”
ڕۆژی ٢٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، خەڵکی گوندی لاجان لە سنوری پارێزگاری هەولێر، چوونە بەردەم کۆمپانیای لاناز و داوایانکرد ئەو دوو پاڵاوتگەیەی لە گوندەکەیان هەیە دابخرێن یاخود خەڵکی گوندەکە لە ناو پاڵاوتگەکەدا دابمەزرێن و کاربکەن، لە ئەنجامدا لە لایەن پاسەوانی کۆمپانیا و هێزە ئەمنیەکانەوە، دەستڕێژی گولە لە خۆپیشاندەران کرا و بە پێی ئامارە نافەرمییەکان گەنجێکی تەمەن ٢٥ ساڵ، کە شۆفێری بارهەڵگر بوو کوژرا و ١٣ کەسی دیکەش برینداربوون، ژمارەیەکیش دەستگیرکراون کە تا ئێستا نازاندرێت چەند کەسن، لە یەکەم ڕۆژی ڕوداوەکەدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندەرانی بە “ئاژاوەگێڕ و تێکدەر” ناوبرد.
کۆمپانیای لاناز
گوندی لاجان
پارتی دیموکراتی کوردستان
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
