سەرۆکی ڤەنزوێلا بۆ خۆپاراستن لە شەڕی ئەمریکا ئامادەیی دەربڕیوە لە ماوەی ١٨ مانگدا دەستلەکاربکێشێتەوە، بەڵام ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ ڕەتیکردەووەتەوە.
کەناڵی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، لە کاتی گفتوگۆ نافەرمییەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی، ئامادەیی خۆی دەربڕیوە کە دوای ١٨،مانگی دیکە واز لە پۆستەکەی بهێنێت.
بە گوێرەی کەناڵەکە، ئیدارەی مادۆرۆ پەیوەندی بە نوێنەرانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە کردووە بە ئامانجی دروستکردنی دیالۆگێک لە نێوان هەردوو وڵاتدا. ئاماژە بەوە کراوە کە هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکی پێشنیازی دەستلەکارکێشانەوەکەیان بە گونجاو زانیوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە، بەڵام کۆشکی سپی لە کۆتاییدا سوور بووە لەسەر ئەوەی کە دەبێت سەرۆکی ڤەنزوێلا دەستبەجێ واز لە پۆستەکەی بهێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە ٢٩ی تشرینی دووەمدا، داخستنی ئاسمانی ڤەنزوێلای لە ڕێگەی پلاتفۆرمی “تروس سۆشیال” ڕاگەیاند، بە تۆمەتی کەمتەرخەمی دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا لە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان.
هێزی دەریایی ئەمریکا تیمێکی هێرشبەر و کەشتی فڕۆکەهەڵگری(جێراڵد فۆرد) و ژێردەریایەک کە بە وزەی ئەتۆمی کاردەکات لەگەڵ زیاتر لە ١٦ هەزار سەربازی لە دەریای کاریبیدا بڵاوکردووەتەوە.
لە مانگی ئەیلوولیشەوە، هێزەکانی ئەمریکا لانیکەم ٢٠ بەلەمی خێرایان لە ناوچەکەدا نوقم کردووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٨٠ کەس، میدیاکانی ئەمریکا چەندین جار باسی ئەگەری دەستپێکردنی گورزی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر خاکی ڤەنزوێلا کردووە.
ئەمریکا
ڤەنزوێلا
