سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند” پابەندبوون بە کاتی دەستووری بۆ دەستەبەرکردنی دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتییانە، ئەوەش لەسەر بنەمای ھەڵبژاردن”.
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی کۆتاییھاتنی پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیامێکی بڵاوکردەوە و وتی” جارێکی دیکە سەرجەم پێکھاتەکان لە عێراق ھەنگاوێکی گرنگیان نا بەرەو سەقامگیری و سەرکەوتنی زیاتر، ھەروەھا چەسپاندنی سیستەمی دیموکراسی کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی دەستووری ئازادی و خواستی خۆیانە بۆ بەردەوامبوون لە بنیاتنانی دەوڵەت و بەھێزکردنی دامەزراوەکانی”.
سودانی ڕایگەیاند” لەگەڵ سەرکەوتنی ڕێکخستن و ئەنجامدانی خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەگوێرەی میکانیزمە یاسایی و جێبەجێکردن و دەستووری ھەمیشەیی عێراق، حکوومەت یەکێک لە دیارترین بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێکرد کە لە بەرنامەکەیەدا ئاماژەی پێکراوە، جگە لە پابەندبوون بە کاتی دەستووری و دەستەبەرکردنی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات و پێکھێنانی حکوومەت، ئەوەش لەسەر بنەمای ھەڵبژاردن”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئەو دەنگدەرانەی کرد کە لە پڕۆسەکەدا بەشدار بوون و لەڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە متمانەی نیشتیمانی خۆیان داڕشت کە باوەڕیان بە دیموکراسی ھەیە.
ڕاشیگەیاندووە” سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی ھەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریی، ھەروەھا ھێزە چەکدارەکان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆژنامەگەری، نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، لەھەمبەر بەشداربووانیان لە سەرخستنی پرۆسەی دەنگداندا”.
ئەمڕۆ ١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، کە ٢٠ ملیۆن و ٦٣ هەزار و ٧٧٣ کەس لە عێراقدا مافی دەنگدانیان هەبوو.
هەڵبژاردن
عێراق
هەرێمی کوردستان
