کەمتر لە ٢٤ کاتژمێری ماوە بۆ کۆتایهێنان بە بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەمڕۆ لیست و بەربژێرە سەربەخۆکان کۆتا بانگەشەیان دەکەن بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
هەینی، ٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، ئەمڕۆ ڕۆژی ٣٥ـیەمی بانگەشەی هەڵبژاردن و کۆتا ڕۆژیەتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لیست و بەربژێرەکان کۆتا هەوڵیان دەدەن بە شێوازی ئاشکرا بۆ بانگەشەکردن، لە پێناو بە دەست هێنانی زۆرترین دەنگ و چوونە پەرلەمان.
بانگەشەکانی ئەمڕۆ بەم شێوازەن:
-پارتی دیموکراتی کوردستان: “رۆژی هەینی بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لە هەولێر دوایین کەرنەڤاڵ دەکەین”، بانگەشەکە لە کاتژمێر ١٤:٠٠ لە یاریگای فرەنسۆ هەریری بەڕێوەدەچێت.
-یەکێتی نیشتمانی کوردستان: “رۆژی هەینی بە ئامادەبوونی کاک بافڵ تاڵەبانی، دوایین و گەورەترین بانگەشە لە سلێمانی دەکەین”، بانگەشەکە لە کاتژمێر ١٦:٠٠ لە یاریگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
-جوڵانەوەی نەوەی نوێ: ” لە شاری سلێمانی ئاهەنگی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن ساز دەکەین و پەیامێکی نوێی دەنگیی شاسوار عەبدولواحید لە زیندانەوە بڵاو دەکەینەوە”، بانگەشەکە لە کاتژمێر ١٥:٠٠ لە لە هۆڵی سپی، تەنیشت چاڤیلاند بەڕێوەدەچێت.
-یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو، پێنج شەممە، ٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتی سەڵاحەدین بەهادین، دواین بانگەشەی ئەنجامدا.
-کۆمەڵی دادگەری کوردستان، ڕۆژی چوار شەممە، ٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی
سەرۆکی حزبەکە، عەلی باپیر، دواین بانگەشەی لە هەولێر ئەنجامدا.
-هەریەک لە لیستی، ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی و بەرەی گەلەکەمان، بانگەشەی هەڵبژاردنی جەماوەریان ئەنجامنەداوە، و بانگەشەی کۆتایش ئەنجام نادەن.
ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، ڕایگەیاند ” ئەو پارەیەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی جەماوەری دایان نابوو، پێشکەشی یانەی نەورۆزیان کرد”.
بەرەی گەلیش کە بە لیستی بەرەی گەلەکەمان، بەشدارە، بە هۆی قەیرانی داراییەوە هیچ بانگەشەیەکی هەڵبژاردنیان ئەنجام نەداوە و لەسەرەتای بانگەشەوە ڕایانگەیاند “بانگەشە لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئەندامەکانیانەوە دەکەن، بە هۆی قەیرانی دارایی دوای شەڕەکەی لالەزارەوە”.
-هەشت بەربژێری سەربەخۆش هەن، کە بانگەشەکانیان زیاتر لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوەیە.
دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق، ٦ تشرینی دووەم ڕایگەیاند، کە ڕۆژی شەممە، ٨ تشرینی دووەم، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕادەوەستێت و بڕیاری قەدەغەی بانگەشەی میدیایی بۆ هەڵبژاردن دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بانگەشەی هەڵبژاردن لە ٣ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە تەواوی عێراقدا دەستی پێکردوە و سبەی ٢٤ کاتژمێر بەر لە دەنگدانی تایبەت، کە لە ٩ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ئەنجام دەدرێت، ڕادەگیرێت. ڕۆژی ١١ تشرینی دووەم هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوە دەچێت.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بانگەشەی هەڵبژاردن
