خوێندراوەتەوە: (1.1K)

سێپان حەمۆ، سەرکردەی دیار لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)،ئاشکرای کرد کە دانوستاندنەکانی نێوان هێزەکانیان و حکومەتی کاتیی سووریا بە” قۆناغێکی زۆر هەستیار”دا تێدەپەڕێت، جەختی کردەوە کە ” هیچ هەنگاوێکی جددی ئەوتۆ” لە ئارادا نییە بۆ بەدیهێنانی پێشکەوتنێکی بەرچاو لەسەر ئاستی یەکگرتنی سیاسی و سەربازی لە نێوان هەردوو لادا.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی (مونیتۆر) حەمۆ ڕوونیکردەوە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەندبوونی تەواوی خۆیان بە ڕێککەوتنی ١٠ی ئاداری ڕابردوو لەگەڵ حکومەتی کاتی سووریا کراوە، دووپات دەکەنەوە، ئاماژەی بەوەدا کە یەکگرتن لەناو دەوڵەتی سووریادا ” بژاردەیەکی ستراتیژییە” بۆ هەسەدە و ئامانجێکی سەرەکییە بۆ سەرکردایەتییەکەی.

حەمۆ رایگەیاند” پابەندبوونی تەواوی خۆمان بە ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار دووپاتکردەوە و بەڕاستی دەمانەوێت بەرەو یەکگرتن لەناو سووریادا بڕۆین و بەرپرسیارێتییەکانمان بگرینە ئەستۆ و بەشداربین لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. ئەمە بژاردەیەکی ستراتیژییە بۆ ئێمە، و ئامانجی سەرەکی ئێمەیە. بە پێچەوانەی ئەوەی دەوترێت، ئێمە هیچ ئەجێندایەکی جوداخوازیمان نییە و هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نادەین. بەڵام کەسانێک هەن کە بەردەوام درۆ لەم بارەیەوە بڵاو دەکەنەوە.”.

ئەوەشی خستەڕوو کە جەوهەری ناکۆکییەکە لە نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریا لە جیاوازیی تێگەیشتن و دیدگاکانەوەیە لەبارەی واتای یەکگرتن و هاوبەشیکردن و ڕوونیکردەوە کە لایەنی حکومەت یەکگرتن بە ” دەستبەرداربوون لە ناسنامە” دەبینێت، لە کاتێکدا هەسەدە بە پرۆسەیەکی “دیموکراتی” دەزانێت کە لەسەر ” پاراستنی بوون و ئیرادە” بنیاتنراوە.

ئەو سەرکردە کوردە ڕەخنەی لە هەنگاوە تاکلایەنەکان گرت کە لەلایەن حکومەتی کاتیی لە دیمەشقەوە نراون بەبێ ڕاوێژکردن بە هێزەکانی سووریای دیموکرات، و وتی” حکومەتی کاتیی بەبێ ڕاوێژی ئێمە پێکهێنرا و دەستوورەکە بەبێ بەشداری ئێمە داڕێژرا و هەڵبژاردنی پەرلەمانیش ئەنجامدرا کە تەنها شانۆگەرییەک بوو، زیاتر وەک دانان بوو نەک هەڵبژاردن. جا چۆن دەکرێت لە سێبەری ئەوەدا باسی هاوبەشییەکی ڕاستەقینە بکرێت؟ ئەوان بە شێوەیەکی تاکلایەنە هەڵسوکەوت دەکەن، پاشان ئێمە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە ئارەزووی یەکگرتنمان نییە. ئەمە دەبێت بە باشی تێبگەین.”.

حەمۆ پێی وابوو کە بەستنەوەی پرسی یەکگرتن یان ڕادەستکردنی چەک بە کاتێکی دیاریکراو کارێکی هەڵەیە، جەختی کردەوە کە پێشکەوتن لەم پرۆسەیەدا “پەیوەستە بە ڕادەی دیموکراتیی دیمەشقەوە” و دەگەڕێتەوە بۆ ” بارودۆخی ئەمنی و سەربازی لە دیمەشق”.

جەختیشی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا “لایەنی سەرەکییە” لە پرۆسەی دانوستاندنەکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی.

سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی نوێ، حەمۆ ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕووی مەیدانییەوە ئامادەکاری دەکەن، لەگەڵ بەردەوامی گرژییەکان و نەبوونی متمانەی هاوبەش لە نێوان هەردوو لادا.

وتیشی” بیرت بێت، لە یەکی نیسانی ڕابردوو ڕێککەوتنێک لەبارەی حەلەبەوە کرا کە بریتی بوو لە کشانەوەی ئێمە لە شێخ مەقسوود و پێکهێنانی ئیدارەیەکی خۆجێیی کە هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەتدا بکات، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ئەم ڕێککەوتنە درۆیەکی نیسان بووە. ڕێگای گەیشتن لە دێر حافیرەوە بۆ ڕەققە و تەبقە ماوەی دوو مانگە لەبەردەم هاووڵاتیانی مەدەنی و سەربازی داخراوە. بۆیە، ئاساییە کە لە ڕووی سەربازییەوە خۆمان ئامادە بکەین. ئێمە خۆمان ناخەڵەتێنین”.

ئەو سەرکردە سەربازییە پێی وابوو کە هێزەکانی سووریای دیموکرات ” ئەزموونێکی درێژیان لە شەڕکردندا هەیە” و باش دەزانن کەی و چۆن جەنگەکان سەرهەڵدەدەن، جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، بژاردەی گفتوگۆ هێشتا ماوە، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ” مافی هەموو سوورییەکان، لە درووز و عەلەوییەکان و مەسیحییەکان و تورکمان و کورد” بپارێزێت.

هەسەدە

دیمەشق

سوریا

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 30 Today: 46 📊 Click Here