ڕێکار عەبدولڕەزاق، ئەو گەنجە تەمەن ٢٨ ساڵەی خەڵکی باڵەکایەتی و دانیشتوی سۆران، دوای
دوو مانگ و ١٢ ڕۆژ، لە شەڕەکەی لالەزار و سوتانی تەرمەکەی، لە ئێستادا خێزانەکەی ئاگادار کراونەتەوە کە بچن تەرمی کوڕەکەیان وەربگرنەوە.
دوو شەممە، ٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، خێزانی ڕێکار عەبدولڕەزاق لە لایەن پزیشکی دادی سلێمانیەوە ئاگادار کراونەتەوە کە بچن تەرمی کوڕەکەیان وەربگرنەوە، ٧٢ ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر شەڕەکەی لالەزاردا و تەرمی ڕێکار تا ئەمڕۆ بە هۆی زۆری ڕیژەی سوتاویەکەیەوە نەناسرابۆوە، ڕێکار تەمەنی ٢٨ ساڵە و خەڵکی باڵەکایەتیە.
٢٣ ئەیلول ٢٠٢٥، بەڕێوبەری داد پزیشکی سلێمانی، د. بەرزان محەمەد، ڕایگەیاندبوو کە تەنها یەک تەرمی ئەو شەڕە لە داد پزیشکی سلێمانی هەیە و ئەوان چاوەڕوانن کە تەرمەکەی بناسرێتەوە و بیدەنەوە بە کەسوکارەکەی.
لە دوای شەڕەکەی لالەزار میدیاکانی یەکێتی بڵاویان کردەوە کە ڕێکار عەبدولڕەزاق لە لای ئەژی ئەمین دەوامی کردوە و خێزانەکەی ئاگادار نەبوون، دەوامی لە سلێمانی هەیە.
لە ٢٢ ئابی ٢٠٢٥، هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێرشیان کردە سەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل و هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، بە پێی ئاماری ڕاگەیاندراوی دوای شەڕەکە، پێنج کەس کوژران، سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی و دوو کەس لە هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی، دواتر تەرمی چواریان بەخاکسپێردران، و ئەمڕۆش تەرمی ڕێکار عەبدولڕەزاق ناسراوەتەوە و نزیکەی ٢٠ کەسیش بریندار بوون.
سلێمانی
شەڕەکەی لالەزار
لاهور شێخ جەنگی
ڕێکار عەبدولڕەزاق
