بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند” تاوەکو ئێستا نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشراوە.
عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور رۆژی ٢٤ ی تشرینی یەکەم رایگەیاند” لەو کاتەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەستیپێکردووەتەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان فرۆشراوە”.
لە درێژەی قسەکانیدا زانیارییەکانی وردکردەوەو وتی” ئێستا رۆژانە ٢٠٠ تاوەکو ٢٥٠ هەزار بەرمیل هەناردەدەکرێت، هەندێک کاتیش دەگاتە ٢٧٠ هەزار بەرمیل”.
فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە لە ڕۆژی شەممە، ٢٧ی ئەیلوول ٢٠٢۵دا دەستی پێکردەوە، ئەم دەستپێکردنەوەیە بەپێی ڕێککەوتنێک بوو لە نێوان هەولێر و بەغدا، بە ئامادەبوونی کۆمپانیا بیانییەکانی وەبەرهێنان لە بواری نەوت، بەو پێیە نەوتی هەرێم ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت و بە ڕێگای هێڵی گواستنەوەی جەیهانەوە ڕەوانەی تورکیا و بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.
لە کۆتایی ئەیلوولدا نزیکەی ١٩٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کراو ئێستا ئاستی هەناردەکردن گەیشتووەتە نزیکەی ٢٢٥ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.
جێگای ئاماژەیە کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بە هۆی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر میکانیزمی هەناردەکردن و شێوازی مامەڵەکردن بە داهاتەکە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ەوە وەستا ئەمەش دوای بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریس بوو کە لەبەرژوەندی حکومەتی فیدراڵ بڕیاری دەرکردو فرۆشتنی نەوت بۆ دوو ساڵ و نیو راگیرا.
نەوتی هەرێم
فرۆشتن
سۆمۆ
بەندەری جیهان

