ئامانج محموود
هۆکاری سەرەکی کێشە و قەیرانەکانی کوردستان و نەبوونی مافی مرۆڤ هەبوونی دەسەڵاتێکە کە مەرجەعەکەی بنەماڵە و خێزانە سیاسییەکانە نەک کەسی تەکنۆکرات و لێزان. واتە حکومەت لە کوردستاندا دامەزراوەیەکی بێلایەن و سەربەخۆ نییە بەڵکو دەسەڵاتێکی حزبی و خێزانییە، هەر ئەوەش هۆکاری بنەڕەتی دروستبوونی گەندەڵییەوە.
لە هەرێمی کوردستاندا دوو حزبی دەسەڵات لە شتانێکی ئاسایی وەک دامەزراندنی خەڵک و دانانی بەڕێوەبەری قوتابخایەک و عەمیدی زانکۆیەک، تا دەگاتە بەڕێوەبەری پۆلیس و مودیری دائیرەیەک و وەزیرەکان هەمووی دەبێ لە خۆیان بێت.
بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتوو وانییە. لە زۆربەی وڵاتانی دیموکراسی و خاوەن سەروەری یاسا سیستەمە سیاسییەکان جیاکراونەتەوە لە سیستەمی کارگێڕی حکومەت. بەو مانایەی کاتێک حزبێک دەچێتە سەر دەسەڵات هەموو دامەزراوەکانی حکومەت ناکاتە کادیری خۆی.
ئەوەی لە کوردستاندا پارتی و یەکێتی دەیکەن، لە کەم شوێنی جیهان نمونەی هەیە. ئەوە جگەلەوەی زۆرینەی پۆستە گرنگەکان بۆ بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی تاپۆکراون، لە پۆست و پێگە لاوازەکانیشدا لەسەر بنەمای حزبی نەک کارامەیی و لێهاتوویی کادیری حزبی خۆیان دادەمەزرێنن. هەر ئەوەش وایکردووە هەرێمی کوردستان لەڕووی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانەوە شکست بخوات و گەندەڵی و واسیتە و خزمخزمێنە کۆی دەزگا و دامەزراوەکان بگرێتەوە و ئیفلیجیان بکات.
کوردستان لە زۆر رووەوە وەک وڵاتانی دیکەیە، ئۆپۆزیسیۆنی هەیە، بەڵام سەرکردەکانی لە زیندانن، رۆژنامەنووسی ئازادە، بەڵام تەنیا بۆ کەناڵ و رۆژنامەنووسەکانی دەسەڵات، ئابووری ئازادە، بەڵام تەنیا بۆ بازرگانەکانی پارتی و یەکێتی، واتە هەموو شتێک تاوەکو ئەو کاتە باشە کە تۆ بەشێک بیت لە دوو حزبەکە و هەر بە چوونە دەرەوەت لە بازنەی ئەوان دەبیتە ئامانج.
بە کوردی و بە کورتی، پارتی و یەکێتی ٣٤ دانە ساڵە بوونەتە شێرپەنجە بە جەستەی ئەم نیشتمانەوە، تاکە چارەسەریش ئەوەیە بە هاوڵاتیان بە نەشتەرگەری ئەو شێرپەنجەیە لە جەستەیان بکەنەوە، نەشتەرگەریەکەش تەنها و تەنها هەڵبژاردنە!

