کۆما جڤاکی کوردستان رەخنە لە وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی لە دیداری مێریدا دەگرن و ئاماژە بەوە دەکەن کە نێچیرڤان بارزانی هەنگاوەکانی ئاشتی پەکەکە هاویشتوویەتی رەتکردۆتەوە.
لە راگەیاندنێک کە هەینی ١٠ ی تشرینی یەکەم کەجەکە بڵاویکردەوە هاتووە ” لە کاتێکی وەهادا کە ڕووداوی گرنگ لە ناوچەکەمان و وڵاتەکەماندا ڕوودەدات، ڕوونە کە پڕۆژەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ چەندە گرنگ و ژیانییە. هەموو ئەوانەی پشتیوانی ئاشتی، دیموکراسی و ئازادی دەکەن، بە هەستیارییەکی بەرزەوە لەو بارەوە هەڵسەنگاندنیان کردووە. لەبەرامبەر ئەو پێشکەوتنانەدا نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا لە هەولێر سەبارەت بە هەڵوێستی بزوتنەوەکەمان و پێشکەوتنەکانی لێدوان و هەڵسەنگاندنی نەرێنی دا و ئەو پێشکەوتنانەی ڕەتکردەوە. ئەم لێدوانە بە تەواوی قبوڵ نەکراوە”.
لە بەشێکی تری راگەیاندنەکەدا هاتووە “بۆ وەڵامی بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لە ٢٧ـی شووباتدا، پەکەکە کۆنگرەی ١٢هەمی خۆی بەست و بڕیاریدا و ئەمەشی بۆ ڕای گشتی جیهان بڵاو کردەوە. پەکەکە بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بە کۆنگرەی ١٢هەمینی خۆی، بڕیاری کۆتاییهێنانی بە هەموو چالاکییەکانی بەناوی پەکەکەوە هێنا و هاوکات دەستبەرداری ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری بوو. هەروەها بە سووتاندنی چەکەکان هەڵوێستی بە بڕیاری خۆی لە بەرامبەر پرۆسەکەدا نیشان دا کە بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، گرووپێکی ٣٠ کەسی لە ١١ـی تەمموزی ٢٠٢٥ چەکەکانیان سووتاند”.
لە کۆتایی راگەیاندنەکەی کەجەکەدا هاتووە “هەموو گەلی کورد، هەروەها هەموو ئەوانەی پشتیوانی ئاشتی دەکەن، زۆر باش دەزانن ئەم زمانی دژبەرییە زمانی کێیە. بێگومان نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت لەگەڵ کۆماری تورکیادا پەیوەندی بکات، کەس دژی ئەمە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا دۆخێکی مانادارە کە بەر لە سەردانەکەی بۆ تورکیا ئەم لێدوانە نەرێنیەی بڵاو کردەوە، هەروەها لە ٩ی تشرینی یەکەمدا ئاشکرای کرد کە سەرەتای ساڵڕۆژی پیلانگێڕی نێونەتەوەییە، ساڵیادی داگیرکاریی سێرکانی و گرێ سپییە. ئێمە ئەو لێداونەی کە نیشانەی عەقڵیەتی ئەوە ڕەت دەکەینەوە و پێشکەشی هەموو لایەنە هەستیارەکان دەکەین، هەروەها چاوەڕوانین نێچیرڤان بارزانی دەستبەرداری ئەو هەڵوێستە نەرێنیانەی بێت.”
نێجێرڤان بارزانی لە دیداری مێریدا لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە پەکەکە دەستوەردان لە رۆژئاوا راگرێت. هەروەها وتی ” پەکەکە داواکارییەکانی ئۆچ ئالان جێبەجێناکات”.
نێچیرڤان بارزانی
پەکەکە
کەجەکە
رۆژئاوا
