دەرەنگانی ئەمشەو ٣ ی تشرینی یەکەم بزووتنەوەی حەماس وەڵامی خۆی بۆ پلانی دۆناڵد ترەمپ، پێشکەشی نێوەندگیرییەکان- میسر و قەتەر- بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەزە کردووە.
لە بەیاننامەیەکدا کە ئێوارەی هەینی بڵاویکردەوە، بزووتنەوەکە قبوڵکردنی هەندێک خاڵەکانی پلانی ئاشتی سەرۆکی ئەمریکای ڕاگەیاند، بەڵام ڕایدەگەیەنێت کە هەندێکی تر پێویستیان بە دانوستانی زیاتر هەیە.
بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت”ڕاوێژی قووڵی لەناو دامەزراوە سەرکردایەتییەکانیدا ئەنجامداوە، هەروەها ڕاوێژکاری فراوانی لەگەڵ هێز و کوتلە فەلەستینییەکان و لەگەڵ ناوبژیوانان و دۆستاندا ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی بگاتە پێگەیەکی بەرپرسیارانە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پلانەکەی ترەمپ”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەوڵە عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتییەکان، هەروەها هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان و چوونە ناوەوەی دەستبەجێی هاوکارییەکان و ڕەتکردنەوەی داگیرکردنی کەرتی غەزە و ئاوارەبوونی گەلی فەلەستین، بەرز دەنرخێنێت.
بزووتنەوەکە ڕێککەوتنی خۆی راگەیاند لەسەر “ئازادکردنی هەموو زیندانییە ئیسرائیلییەکان بە زیندوو و مردوووەوە، بەپێی ئەو پلانەی کە لە پێشنیاری سەرۆک ترامپدا هاتووە، بە مەرجێک مەرجە مەیدانییەکانی ئاڵوگۆڕکردنەکە دەستەبەر بکرێت”.
“ئامادەیی خۆشی نیشاندەدات بۆ ئەوەی دەستبەجێ بچێتە ناو دانوستانەکانەوە، لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە” ( حەماس وا دەڵێت).
هەروەها حەماس “رێککەوتنی خۆی بۆ ڕادەستکردنی ئیدارەی کەرتی غەززە بە دەستەیەکی فەلەستینی لە تەکنۆکراتی سەربەخۆ، لەسەر بنەمای کۆدەنگی نیشتمانی فەلەستین و پشتیوانی عەرەبی و ئیسلامی” ڕاگەیاند.
فەلەستین
غەزە
راگرتنی شەڕ
